کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئاگربەستی پێشوەختە لەم کاتەدا بە مانای دووبارەبوونەوەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلە

12:50 - 23 سەرماوەز 2723

مەتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەربارەت بە دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئاگربەستی پێشوەختە لەم کاتەدا بە مانای مانەوەی حەماس و پاراستنی چەک و ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە و دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوە بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ ڕەزبەردا دەبێت.

میلێر لەمبارەوە وتی پەسەندکردنی بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەردەخات کە باقی وڵاتان لەگەڵ ئەمریکا هاوڕان کە دەبێت شەڕ کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نییە.

ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی نەرێنیی بە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دا کە تیایدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کراوە.

لە نێوان ١٩٣ وڵاتی ئەندام لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٥٣ وڵات دەنگیان بە دەست پێکردنی ئاگربەستی مرۆڤدۆستانە دا و ١٠ وڵاتیش دژی وەستانەوە.

بە وتەی میلێر، ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا پێویستی بە ڕووخانی حەماس و گواستنەوەی دەسەڵات لە غەززە بۆ گرووپێک هەیە کە نوێنەرایەتیی هەموو فەلەستینییەکان بکات. هەروەها ئەم گۆڕانکارییەی بە بنەمایەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان وەسف کرد.

هاوکات بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەربازانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدایە، بەڵام شەڕ هەتا لەنێوچوونی حەماس بەردەوام دەبێت.