کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣.٥ ملیۆن قوتابی لە قوتابخانە مەترسیدارەکاندا دەخوێنن

17:01 - 23 سەرماوەز 2723

جێگری وەزیری پەروەردەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی قوتابییانی ئێران کە دەکاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، لە قوتابخانە مەترسیدارەکانی ئێراندا دەخوێنن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ سەرماوەز، ''حەمیدڕەزا خان محەممەدی'' جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران، وێڕای ئاماژەە بەوەی کە ئێستا ڕێژەی قوتابییانی ئێران، ١٦ ملیۆن کەسە باسی لەوە کرد کە ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابخانە مەترسیدارەکان، ٣ میلیۆن و نیو مەتری چوارگۆشە شوێنی تەرخان کردووە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە بە وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی خێرخوازانی بونیاتنەری قوتابخانەکان، ڕیژیمی ئیران لە تەواوکردنی پرۆژە بیناسازیییەکانی قوتابخانەکان کە لەلایەن خێرخوازانەوە کاریان بۆ دەکرێ، سەرکەوتوو نەبووە.

کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران لە دەستەبەرکردنی ئیمەنی پۆلەکان بۆ قوتابییان لەکاتێکدایە کە ڕێژیم هەمیشە گرینگیی زیاتر بە پرسی ئایین و حیجاب لە قوتابخانەکاندا دەدات.

گرینگینەدان بەم بابەتە کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە کە لەمبارەوە دەکرێ ئاماژە بە ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی کچانی شیناوێ لە ساڵانی ڕابردوودا بکرێ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەس و برینداربوونی قوتابییەکانی دیکەی لێ کەوتەوە.