کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە کوژران

10:23 - 12 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کوژرانی دوو ئەندامی خۆی  لە سووریە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران کە لە میدیاکانی ئێران بڵاو بووەتەوە، دوو ئەندامی سپای پاسداران بە ناوەکانی محەممەدعەلی عەتایی شورچە و پەنا تەقیزادە، لە سووریە کوژراون .

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە کات و شوێنی کوژرانی ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران نەکراوە و هیچ وردەکارییەکی دیکە لەم بارەوە نەخراوەتە ڕوو.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ و دواتر شەڕی نێوخۆیی لە سووریە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات پشتیوانیی سەربازی و ماڵیی لەو ڕێژیمە دەست پێ کرد، لەم پێوەندییەدا بە ناردنی فەرماندە و هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سووریە و هەروەها پێکهێنانی سپای فاتمیوون بەفەرمی لەو وڵاتەدا دەستێوەردان دەکات و سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەرە پێدەدات.

جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە و بە سەدان کەس و کۆگای چەکۆچۆڵی کردووەتە ئامانج.