کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستییەکانی دامەزراندنی ڕێکخراو

19:00 - 23 سەرماوەز 2723

سەلام سەدیقی

پێویستییەکی گرینگ لە پێشینەی هەموو ڕێکخراوێکدا ئەوەیە بەردەوام لە نوێبوونەوە و گۆڕا‌ن‌‌دایە. داهێنان و نوێخوازی لەنێو ڕێکخراودا، بە بژاردەی سیاسی، سەربەخۆ و مرۆڤی شۆڕشگێر و پشت‌بەستوو بە زانست دەکرێ. تێکنۆلۆژی و زانست بنەمای بیری داهێنەرانەن و هەروەها هۆی کرانەوەی مێشکی کەسی داهێنەر بۆ تێگەیشتنی ڕاست و دروستە. كەسی داهێنەر، خاوەنی بیری خۆیەتی و پێوەندی بە كەسەوە نییە و لە بۆچوون و كاری خۆیدا سەربەخۆیی هەیە.

كەسی داهێنەر ناپرینگێتەوە و حەزی لە سەركێشی و سەرچڵییە و بەرانبەر كێشە و گیروگرفتەكان بوێرترە و لەوە ناترسێ كە لەوانەیە سەرکەوتوو نەبێ و زۆر چالاکە. كەسی داهێنەر و شۆڕشگێر، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەوتی و ناڕوونییەكان بە خەبات و تێكۆشان دەزانێ و چێژی لێ وەردەگرێ. كەسی داهێنەر لە ڕەوتی یەكلاكردنەوەی پرسەکاندا زۆر بەئاسانی ڕووگەی بیركردنەوەی خۆی دەگۆڕێ و لە ڕوانگە و دیدێکی دیكەوە بابەتەکە تاوتوێ دەكا و بیرۆكەی نوێی بۆ بەكار دێنێ و بیری خۆی بە یەک جۆر بیرکردنەوە قەتیس ناکاتەوە.

کەسی داهێنەر زۆر وردبینە و زۆربەی كات دەتوانێ بە دەربڕینی ڕاوبۆچوون و ئاماژەدان بە خاڵی گرینگ و خوڵقاندنی هەلومەرج، سەرنجی کەسانی تر ڕابكێشێ. تاكی داهێنەر متمانەی بەخۆی هەیە و دەزانێ بەهرە و توانای چەندە و بۆچوونەكانی چەندە گرینگن. کەسی داهێنەر خاوەنی بیرێکی ئاواڵایە و بۆچوونەکانی زۆربەی كات لە هی کەسانی دی جیاوازن و لە هێندێ بارەوە كە بۆ خەڵکی تر ئاساییە، ئەو بە زەینێكی ڕوونەوە لایەنە نادیارەکان دەبینێ .كەسی خوڵقێنەر جوانییەکان دەبینێ و لێیان ورد دەبێتەوە و حەزی لە چالاكییە هونەرییەكانە.

زۆربەی جار، بەشی هەرە زۆری یاسا باوەكانی وڵات بەلای كەسی خوڵقێنەرەوە جێی پرسیارن. ئەو دڕدۆنگی، گومان و بێ‌متمانەییەی کەسی داهێنەر هەیەتی، بەهۆی ئۆگرییەکەوەیە كە بۆ گۆڕانكاری و چاكسازیی لە ناخیدا بۆ باشتربوونی دۆخی کۆمەڵگە هەیەتی و بە ئامانجی خۆی بگات. کەسی داهێنەڕ لە کارەکانیدا دەبێت پشت بە خۆی و پێوەرە زانستییەکان ببەستێ و بیرکردنەوەکانی دەبێ بەگوێرەی بنەما فەلسەفی، عەقڵانی و زانستییەکان بێت.

 ڕێکارەکانی دروستبوونی بەهرەی داهێنەری و نوێگەری لەنێو فەرمانبەراندا

داهێنان و نوێگەری، بابەتێكی پێویستی هەر ڕێكخراوێکە و دەبێ بكرێتە  کولتوورێک بۆ کارکردن لە ڕێكخراودا. ئەگەر بەڕێوەبەران و سیاسەتداڕێژەرانی ڕێكخراوەكە بڕوایان بە نوێگەری و داهێنان نەبێ و وەكوو پێویستییەک لێی نەڕوانن، ڕێکخراوەکە بەردەوام و سەرکەوتوو نابێ. دروستكردنی ناوەندگەلی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەنێو ڕێكخراوەکاندا دەتوانێ ئاسانكاری بۆ كاری داهێنەرانە و نوێخوازانە بكات. دروستبوونی باوەڕ بە نوێگەری و داهێنان لە ڕێكخراوەكەدا وەكوو پێویستییەک، پێویستی بە پەروەردە هەیە .

 پەروەردەکردن لەنێو ڕێکخراودا :

پەروەردە و بارهێنان یارمەتیدەری كەسەكان دەبێ بۆ گەیشتن بە ئاست‌بەرزیی لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا. ئامانجێکی گرینگی پەروەردەش لەنێو کۆمەڵگەی پڕ لە هەڵچوون و داچوونی ئەمڕۆدا، فێربوونی شێوازەكانی داهێنان و نوێگەرییە. هەر لە ڕێی پەروەردەوە، بیری ئەندامان فراوان دەکرێ و لە ئاكامدا وەكوو كولتوورێک لەنێو ڕێكخراوەکەدا جێگیر و یارمەتیدەر دەبێ لە گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان. بۆ ئەوەی بەهرەی داهێنان و نوێگەری لە ڕێكخراودا دروست ببێ، دەبێ كۆمەڵێك ڕێکاری وەک: مێشک‌کراوەیی، سروشت و هەموو لایەنێکی زانستی لەبەرچاو بگیردرێ؛ هەرچەند ئەنجامی تیورییە زانستییەکان زۆرجار ڕاست دەرناچن و بۆ ئەوەی بتوانین کەلکی باشیان لێ وەربگرین، دەبێ لێکۆڵینەوی ورد و هەڵسەنگاندنی باشی بۆ بکرێ.