کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دوو کەشتی لە دەریای سوور

11:03 - 25 سەرماوەز 2723

بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا بە هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''ی ڕاگەیاندووە، حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت، ڕۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز، لە گەرووی بابەلمەندەب هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی کە ئاڵای لیبریایان لەسەر بووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، لە هێرشی یەکەمدا کە پێ دەچێت دڕۆن بووبێت، کەشتیی "ئەلجەسرە"ی ئەڵمانی کراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە، بەڵام زیانی پێنەگەیشتووە، بە وتەی ناوبراو لە هێرشی دووهەمدا دوو مووشەکی بالستیک ئاراستەی کەشتییەک کراوە و کەشتییەکە ئاگری لێ کەوتووەتەوە، کە تیمی کەشتییەکە هەوڵیان داوە کۆنتڕۆڵی بکەن.

بە وتەی ''ڕۆیتێرز'' تا ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەززە، گرووپی حوسییەکانی یەمەن بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارێتی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر چەند کەشتییەک لە دەریای سوور و گەرووی بابەلمەندەبیان لە ئەستۆ گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئەو هەواڵدەرییە درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە، حوسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بە درۆنێک کەشتییەکی بارهەڵگری سەر بە شیرکەتی "مێرسک"ی دانمارکیان کردووەتە ئامانج. بەڵام ئەو شیرکەتە ئەو ئیدیعایەی ڕەت کردووەتەوە.

حەوتووی ڕابردوو ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو ئەندامی سپای پاسدارانەوە نووسیبووی کە ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل پشتی بە حوسییەکان بەستووە.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.