کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بنکەی دژە مووشەکی دامەزراندووە

11:29 - 25 سەرماوەز 2723

دەوڵەتی لەهستان ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی هەینی، ٢٤ی سەرماوەزەوە، بنکەیەکی دژەمووشەکیی ئامریکا لەو وڵاتە بە فەرمی دەستی بەکار کردووە.

بە وتەی ناتۆ سیستەمی دژەمووشەکی "ئیجز" کە لەو بنکەدا جێگیر کراوە، دروستکراوەی ئامریکایەوە و بە ئامانجی بەرگریکردن لە هەڕەشە مووشەکییەکانی ئێران دامەزراوە و لە بەرانبەر مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێراندا، بەرگری لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەکات.

ماتیۆش مووراویسکی سەرۆکوەزیرانی لەهستان پێشتر بە پارلەمانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندبوو کە ئامریکا دەیەوێت لە ١٥ی دێسامبری ٢٠٢٣دا چالاکییەکان لەو بنکەیەدا دەست پێ بکات.

ئەم بنکە بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا دەست بە چالاکی بکات بەڵام بە هۆکاری نادیار بۆ چەند جارێک وەدوا کەوتبوو.

ئەم سیستمە دژەمووشەکییە، مووشەکە هاویژراوەکان دەبینێتەوە. پاش دیتنەوەیان، لە دەریا و زەمینەوە مووشەکیان بۆ دەهاوێ و لە هەوادا لەنێویان دەبات.

 ئامریکا پێشتریش سیستەمی دژەمووشەکی ئیجزی لەسەر کەشتییە شەڕکەرەکانی ژاپۆن و کۆرەی باشوور و ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی خۆی لەهەمبەر هەڕەشە مووشەکییەکانی کۆرەی باکوور وچین، دامەزراندبوو.