کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی هاوبەشی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەرسپای قودس، جیهادی ئیسلامی و گرووپی حەماس

11:35 - 25 سەرماوەز 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە لە چالاکییەکی هاوبەش لەگەڵ بریتانیادا، ٧ کەس لە فەرماندە و ئەندامانی سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، گرووپی حەماس، حزبوڵڵای لوبنان و هەروەها دامەزراوەی لقی فەلەستینیی سپای قودسی پاسدارانیان خستووەتە نێو لیستەی نوێ گەمارۆکانەوە.

بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنداریی ئەمریکا ئەم گرووپانە ئاشتی و ئاسایشی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان خستووەتە مەترسییەوە و مەترسییان لەسەر ژیانی زۆر کەس لە ئورووپا و بریتانیا دروست کردووە.

ئیسمائیل قائانی فەرماندەی سپای قودسی پاسداران، محەممەد سەعید ئیزەدی سەرۆکی لقی فەلەستینیی سپای قودسی پاسداران، و پێنج کەسی دیکە لە گرووپی حەماس و حیزبوڵڵا ئەو کەسانەن کە خراونەتە ناو لیستەی نوێ گەمارۆکانەوە.

ئەم کەسانە پێشتریش هەر لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان بەسەردا سەپابوو.