کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ژێرخانە گرینگەکانی ئیسرائیلیان کردە ئامانج

11:47 - 25 سەرماوەز 2723

گرووپێکی هاکێریی سەر بە ڕێژیم لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە ژێرخانە گرینگەکانی ئیسرائیل لەوانە ژێرخانە پێوەندیدارەکان بە چالاکیی دەوڵەتی، بێهداشت و بەرهەمهێنانیان کردووەتە ئامانج.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە گرووپی سایبێریی "APT34" سەر بە دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەم هێرشانەیان ئەنجام داوە.

هاکیرەکانی ئەم گرووپە بۆ شاردنەوەی پێوەندییەکانی خۆیان لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسافت کەڵکیان وەرگرتووە.

لێکۆڵەرانی سایبێری جەختیان کردوەتەوە کە پەرەپێدانی بەردەوامی نەرم‌ئامێرە ئاڵۆزکەرەکان و هەروەها تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ئەم گرووپەوە دەریدەخات کە ئەم گرووپە لە هەوڵدایە تاکوو دووبارە هێرشی لەم جۆرە ئەنجام بدات و دەبێت ئاگاداری ئەم گرووپە سایبێرییەی سەر بە ڕێژمی ئێران بن.

شایانی باسە کە مانگی ڕابردوودا ڕاپۆڕتێک لەسەر هێرشی سایبێری گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتی و خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو بوویەوە کە دەرخەری پەرەسەندنی هێرشە سایبێرییەکانی گرووپگەلی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی دیکەیە.

لێکۆڵەرانی سایبێری ئەم گرووپانە سەر بە سپای پاسداران و  دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەزانن.