کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، ڕێکاری نوێ دەگرێتە بەر

11:04 - 12 سەرماوەز 2723

ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گەلاڵەیەکی نوێدا کە لەژێر ناوی پاراستنی کولتووری عیفاف و حیجاب ئامادە کراوە، باسی لەوە کردووە کە ڕەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن ئەو کارمەندە ژنانەوە کە لە ناوەندە ئیدارییەکاندا کار دەکەن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مووچەکانیان و لە ئەگەری بەردەوامبووندا، جیا لە بڕینی مووچە، دەبێتە هۆی دەرکرانیشیان لە کارەکانیان.

هەر لەم پێوەندییەدا پارێزگاری قوم بە دەرکردنی بەخشنامەیەک داوای لە ژنان کردووە کە بە چارشێو و بە بێ جوانکاری بچنە سەر کارەکانیان.

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرینگینەدان بە حیجابی زۆرەملێ لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بۆ بەشێکی بەرچاویان دۆسییەی دادوەری کراوەتەوە و تەنانەت چەندین ناوەند و دووکان بەو هۆیەوە بە یەکجاری داخراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەحمەد عەلەمولهودا، نوێنەری خامنەیی لە خوراسانی ڕەزەوی، ڕەچاونەکردنی حیجابی بە تاوانی سیاسی ناو بردووە.

سەپاندنی حیجابی زۆرەمڵێ بەسەر ژنانی ئێراندا ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتەوە؛ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی حیجابی زۆرەملێ لە ئێرانی بە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆیی ژنان و کچان ناو برد و ڕەخنەی لێ گرت.

جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، یەکێک لە دیارترین هەڵاواردنە سیستماتیکەکان دژی ژنان لە ئێرانی، گوشارەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ناو بردووە.