کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی زاهیدان ڕێپێوانێکی بێدەنگیان بەڕێوە برد

12:03 - 25 سەرماوەز 2723

''مەولەوی عەبدولحەمید'' پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، داوای لە خەڵکی بەلووچ لە زاهیدان کرد وەک هەینییەکانی ڕابردوو، بە شێوەی بێدەنگ دژی ڕێژیمی ئێران خۆپێشاندان بەڕێوە ببەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ''حاڵ‌وەش''، ڕۆژی هەینی ٢٤ سەرماوەز، خەڵکی بەلووچ دوای نوێژی هەینی لەسەر داوای مەولەوی عەبدولحەمید و لەحاڵێکدا کە کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر شارەکەدا زاڵ بوو، ڕێپێوانێکی بێدەنگیان بەڕێوە برد.

هەروەها ''حاڵ‌وەش''، بەشێک لەم کەشە ئەمنییەتییەی بۆ هێرشێک گەڕاندەوە کە کراوەتە سەر بنکەی هێزی ئینتزامی لە شاری ڕاسک و ڕایگەیاندووە که هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە مزگەوت پشکنینی جەستەیی هاووڵاتییان کردووە.

لەو پێوەندییەدا، دادستانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاند، لەم هێرشەدا ١٢ کەس لە هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم کوژراون و ٧ی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستیی بەشێکیان نالەبار ڕاگەیەندراوە.  

ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، نیشاندەری ئەوەن کە هاووڵاتییان بە بێدەنگییەکی تەواو و بەشێوەی گرووپی و یەکگرتوو مزگەوتی مەکیی زاهێدان بەجێ دێڵن.

دوای هەینیی خوێناویی زاهیدان لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ئەو شارە و هێندێک لە شارەکانی دیکەی بەلووچستان، هەموو هەینییەک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.