کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات

10:59 - 26 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، کاک سولێمان ڕەمەزانی، ناسراو بە سەرگورد سولێمان، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

 سەرگورد سولێمان لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە گوندی سارەوانان لە مەحاڵی مەهاباد لە دایک بووە. لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی پەهلەوی بەشداریی چالاکانەی هەبووە و دوای سەرکەوتنی شۆڕش و گرتنی پادگانی مەهاباد و بنکەکانی ڕێژیم پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرتووە.

 سەرگورد سولێمان پێشمەرگەیەکی چاونەترس و قارەمان بوو و وەک پێشمەرگەیەکی جەسوور بەشداریی زۆربەی شەڕەکانی کوردستانی کردووە و لە شەڕ و بەرەنگارییەکانی ناو شاری مەهاباد بەشداریی چالاکانەی هەبووە .

کاک سولێمان لە ماوەی پیشمەرگایتیدا، چەندین جار بە سەختی بریندار بووە، بەڵام سەنگەری بەرخۆدانی چۆڵ نەکردووە.

ناوبراو بەهۆی هێندێک گیروگرفتی بنەماڵەکەی گەڕایەوە شاری مەهاباد و لەو ماوەیەشدا وەک مرۆڤێکی پاک و کوردپەروەر وەفادار بە ئامانجە پیرۆزەکانی ماوەیەوە.

سەرگورد سولێمان لەو ساڵانەی دواییدا بۆ کاروبار ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە شاری هەولێر خەریکی کار و کاسبی بووە کە بەهۆی نەخۆشییەکی لەناکاو ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.