کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دا

11:21 - 26 سەرماوەز 2723

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی کەسێکی لە سیستان و بەلووچستان جێبەجێ کردووە کە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ مووساد بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە.

هەواڵدەریی ''میزان''، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، حوکمی لەسێدارەدانی کەسێکی لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان جێبەجێ کردووە کە بە تۆمەتی" پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە بیانییەکان، لەوانەش مووساد" حوکمی لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپاوە.

هەواڵدەریی میزان، باسی لە شوناسی ئەم کەسە نەکردووە، تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کەسە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی مووساد و کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی و پێدانی زانیاری بە مووساد ڕاستەوخۆ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی گرووپ و ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دادگای ئینقلابی زاهێداندا دادگایی کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و بڕیارەکەش بە خودی تۆمەتبارەکە و پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئێران کەسێک یان کەسانێک بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل یان وڵاتانی دیکە دەسبەسەر دەکات و حوکمی لەسیدارەدرانیان بەسەردا دەسەپێنێت.