کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێژیمی ئێرانی بە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا لەبارەی پشتیوانیی تاران لە تێروریزمی جیهانی

11:39 - 12 سەرماوەز 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ، ٩ی سەرماوەز وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی تێروریزمی جیهانی بڵاو کردەوە، لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران وەکوو ساڵەکانی ڕابردوو بەردەوام پشتیوانیی دارایی لە گرووپە تێروریستەکان لە ئەفریقا، ئاسیا، ئورووپا و ئەمریکادا کردووە، و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەردەوام پشتیوانی لە گرووپی حیزبووڵڵای لوبنان، حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و چەندین گرووپی دیکە دەکات کە هەموویان لەلایەن ئەمریکاوە بە تێروریست ناسێنراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لە ڕۆڵی سپای قودسی پاسداران کراوە کە بە ئاژاوەنانەوە و سەرپەرەستیکردنی گرووپە چەکدارەکان لە بەحرەین، سووریە و عێراق ناوچەکەی نائارام کردووە.

بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە کاردانەوەی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە. لەم پێوەندییەدا، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وەک هەموو جارێ بە چەواشەکاری  وتی: ئەمریکا ناتوانێ بە گێڕانەوەی هەڵە، ئۆپەراسینێکی ڕەوا بباتە ژێر پرسیار، ئەم چالاکییانە لە ناوچەکەدا بە مەبەستی ڕووبەڕوووبوونەوە لەگەڵ داگیرکاریی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن.