کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هەوڵی پەرەدان بە شێوەژیانی ئیسلامی_ئێرانییە

11:45 - 26 سەرماوەز 2723

بە وتەی بەرپرسی بەشی خوێندکاریی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، بڕیارە لە ٦٥ زانکۆی زانستە پزیشکییەکاندا، ناوەندێک لەژێر ناوی ڕاوێژکاری لەسەر بنەمای شێوەژیانی ئیسلامی ـ ئێرانی دابمەزرێت.

ئەحەد بەنار بەرپرسی ئەم ناوەندەی ڕێژیم، بە ئاماژەدان بە پێڕەوی نێوخۆیی زانکۆکان، بە هەواڵدەریی ''ئیسنا''ی وتووە کە دەبێ ئەو ناوەندە لە هەموو کۆلێژ و زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکاندا چالاک بکرێت.

چالاککردنی ئەم ناوەندانە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە هەوڵی زیاتری ڕێژیم بە ئامانجی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردن بەسەر شێوازی ژیانی خەڵک لە بەرنامەی دەوڵەتدا هاتبوو.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە درێژەی هەوڵەکانی دیکەی وەکوو جێگیرکردنی نووسینگەی تایبەت بە ڕێبەری ڕێژیم لە زانکۆکان و هەروەها جێگیرکردنی ئاخوندەکان بۆ وتنەوەی وانە ئیسلامییەکان لە زانکۆکان هاتووەتە ئاراوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە ڕاپۆرتە ڕۆژانەکان کە تەنانەت لە میدیاکانی ئێرانیشدا بڵاو دەکرێنەوە، نیشان دەدەن کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بە ڕەچاونەکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە حیجابی زۆرەملێ، بەرنگاری ڕێوشوێنە سەپێندراوەکانی ئەو ڕێژیمە دەبنەوە.