کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ١٤ پەهبادی حوسییەکانی لە دەریای سوور خستە خوارەوە

16:19 - 26 سەرماوەز 2723

سێنکام لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٥ سەرماوەز، پێگەی مووشەک هاوێژی ئەمریکایی، ١٤ پەهبادی لە دەریای سوور خستە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هاویژرابوون.

لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، پێگەی ئەمریکایی''کارنی''، بە سیستەمێکی مووشەکیی ڕینماییکراو کە لە دەریای سووردا چالاکی هەیە، ١٤ پەهبادی خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە دەریای سوورەوە هەڵدرابوون.

لەو ڕاگەیاندراوەدا باس لەوە کراوە کە پاش بەدواداچوون، زانراوە کە ئەمانە پەهبادی خۆتەقێنن.

پێنتاگۆن لە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر، ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە.

١٩ کەشتیی شەڕکەری ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا هەن، کە حەوتیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ١٢ کەشتی دیکەش لە درێژایی باشووری دەریای سوور جێگیر کراون.

زیادبوونی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور دەتوانێت دەیان هەزار دۆلار لە پارەی بیمەی ئەو کەشتیانەی بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕن زیاد بکات.