کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕ لە باکووری غەززە/ حووسییەکان هەڕەشەی زیاتر دەکەن

16:26 - 26 سەرماوەز 2723

شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس لە باکووری غەززە لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرلەبەیانیی ڕؤژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس لە ناوچەی "جێبالیا"ی باکووری غەززە لە نێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕووی داوە.

هەواڵدەرییە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونە و هێرشەکانی ئیسرائیل دەیان کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار کراون.

هاوکات لەگەڵ ئەمانە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت ڕایانگەیاندووە کە بۆ پشتیوانی لە حەماس و کەرتی غەززە لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتتیە بارهەڵگرە ئیسرائیلییەکان بەردەوام دەبن و ئامادەشن کە وڵامی هەرجۆرە هێرشێک لەلایەن ئیسرائیل و تەنانەت ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژاواییش بدەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە پاش ئەوەی کە ئیسرائیل ڕایگەیاند ٣ کەس لە بارمتە ئیسرائیلییەکان بە هەڵە لەلایەن ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە لە غەززە کراونەتە ئامانج و کوژران، خۆپیشاندانێک لە بەردەم وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بەڕێوە چوو.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە باشترین ڕێگە بۆ ئازادیی بارمتەکان گوشاری زۆر بۆ سەر چەکدارانی حەماسە.

شایانی باسە کە تا ئێستا ٤١ هاووڵاتی فەرانسەیی لە دەسپێکی شەڕەوە گیانیان لەدەست داوە کە بەرزترین ڕێژەی کوژراوانی وڵاتانی دیکە یان هاووڵاتییانی دووڕەگەیە و دەوڵەتی فەرانسە تاکوو ئێستا ناوی ئەم .کوژراوانەی بڵاو نەکردوەتەوە