کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی زاگرۆسانە لە کوردستان بەردەوامە

12:01 - 12 سەرماوەز 2723

ژینگەپارێزان و لایەنگرانی ژینگەی کوردستان  بە چاندنی ١٢ هەزار دەنکە بەڕوو، لە دارستانەکانە سووتاوەکانی ''دەرەوەران'' ی مەریوان بەڕێوە برد.

دوابەدوای بانگەوازی ئەنجومەنی چیای سەوز بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەز، ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە شاخەوانییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چینە جیاوازەکانی خەڵک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوز چیا لە ڕاستای بووژاندنەوەی دارستانە سووتاوەکانی مەریوان هەڵمەتێکی گەورەی بەڕوو چاندنیان بەڕێوە برد.

جێگای ئاماژەیە هاوینی ئەمساڵ ٢ هەزار و ١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی دەرەوەران لە مەریوان لە ئاگردا سووتان و بوونە خەڵووز و زیانیکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشت.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ١٠ی سەرماوەز، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژینگەپارێزان و ژینگەدۆستان لە ئاوایی مەحمەشەی سەرێی ناوچەی سندووس، لە دەڤەری بانە و هەروەها لە شارۆچکەی حەسەناوای سنە، هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕیوە برد.

لەم هەڵمەتەدا، چالاکانی ژینگە لە سنە بە ناشتنی دەنکە بەڕوو، لە ناوچەی سندووس بە ناشتنی ٢٠ هەزار دەنکە بەڕوو و دوو هەزار دەنکە گوێز و بادام و گێوژ، بەشدارییان لە هەڵمەتی زاگرۆسانەی ئەمساڵدا کرد.