کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست ناکۆکن

11:28 - 27 سەرماوەز 2723

دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی میسری ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی سەرماوز ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس هەر دوو ئامادەی بەئاکامگەیاندنی ئاگربەستێکی دیکەن بەڵام لەسەر چۆنییەتی ئاگربەستەکە جارێ ناکۆکن.

ئەم دوو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کە حەماس سوورە لەسەر ئەوەی کە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لیستەیەک ئامادە بکات و داواکاریی لە ئیسرائیل ئەوەیە کە لە خاکی غەززە پاشەکشێ بکات.

لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش بە ئامادەکردنی ئەو لیستەیە لەلایەن حەماسەوە ڕازییە بەڵام دەیهەوێت خشتەیەکی کاتی بۆ ئاگربەستەکە هەبێت و هەروەها پێش ڕێککەوتنەکەش لیستەکە ببینێت و ماوەی ئاگربەستەکەش دیاری بکرێت.

ئەو دوو سەرچاوە زیادیشیان کردووە کە ئیسرائیل ئامادە نییە تا لە غەززە پاشەکشێ بکات.

هیواکان بۆ ئاگربەستێکی دیکە کاتێک بەرزبووەوە کە سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لە وتوویژی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا میسر و قەتەر سوور بوون لە سەر خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان و کردنەوەی دەروازەی سنووریی "کەرەم شالۆم" پێش هەر دانوستانێک.

هەرچەند کە دەروازەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا یارمەتییەکان بە هۆی پشکنینەوە دواکەوتووە و نەچووەتە نێو غەززەوە.