کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە بۆکان

11:38 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەز، کاک محەممەد ڕەسوڵنژاد، ناسراو بە محەممەدی ئەحمەد نۆباری، بە هۆی نەخۆشی لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد ڕەسووڵنژاد ساڵی ۱۳۲۹ی هەتاوی لە ناوچەی پیرمحمەدی بۆکان لە گوندی پاشبڵاغ لەدایک بووە. ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە و بەتایبەتی لە ساڵی۱۳٦۰ بە دواوە وەک ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی وەئەستۆ گرتووە و لەگەڵ ئەوەی بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاوەدێری مۆڵگەی ڕێژیم لە پاشبڵاغ و دەزگای ئیتڵاعاتی ڕێژێم لە بۆکان بووە، بە بەردەوامی لە جەولە و چالاکییەکانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب هاوکار بووە و ئەرکی شناسایی وەئەستۆ گرتووە و بەردەوام ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بووە.

کچێکی کاک محەممەد، بە ناوی سارا ڕەسوڵنژاد، لە ڕیزی ئەندامانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە و ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەڕێوە دەبات.

کاک محەممەد کەسایەتیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەی ئەو ناوچەیە بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی شانازیی بە ڕێبازی پڕ لەسەروەری شەهیدانەوە دەکرد.

تەرمی کاک محەممەد لە ئاوایی پاشبڵاغ و لە نێو ئاپۆڕای نیشتماندۆستاندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.