کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبستان و ئیسرائیل بە قازانجی ڕێژیم نییە

12:13 - 27 سەرماوەز 2723

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، هەوڵەکانی دەوڵەتی جۆ بایدن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی وەکوو هەنگاوێکی گرینگ بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای شەڕی غەززە، بەرز نرخاند.

ئەمریکا، دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکانی نێوان ئیسرائیل وعەرەبەکان بە یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەزانێت، بەڵام شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماس ئەم پرۆسەیەی ڕاگرتووە.

سیناتۆر گراهام لە ڕاپۆرتێکی میدیاییدا وتی، ئەگەر بەڕاستی دەتانهەوێ زەربە لە ڕێژیمی ئێران بدرێت، مەهێڵن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵە تێکدەرانەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان سەرکەوتوو بێت.

پێشتر وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبو، لە ئەگەری ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و ئیسرائیل زیان بە ناوچەکە دەگات.

هەر لەو پێیوەندییەدا سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە دوای گفتوگۆکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە لە جەددە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە.