کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆی سەنعەتی شەریف، ئێرانیان بەجێ هێشت

12:17 - 27 سەرماوەز 2723

سەرچاوەیەکی تایبەت بە خوێندکاران باسی لە کۆچکردنی چەند مامۆستای تایبەت و پلەبەرزی زانکۆی سەنعەتی شەریفی تاران کە یەکێک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئێرانە، کردووە.

هەواڵنامەی ئەمیرکەبیری سەر بە خویندکاران لە ئێران ڕایگەیاندووە کە لە دوای کۆچکردنی بەکۆمەڵی خوێندکاران ئێستا نۆرەی کۆچکردنی مامۆستایان هاتووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئەم سەرچاوە خوێندکارییە، حەوتووی ڕابڕدوو "عەبدولڕەزا سیمچی" مامۆستای ئەندازیاری و زانستی مادەی زانکۆی سەنعەتی شەریف بوو بە ئەندامی ئاکادێمیای زانستی جیهان "تواس" و لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆی ناوی زانکۆی سەنعەتی شەریفی سڕیەوە.

سیمچی پاش ٢٢ ساڵ وانەوتنەوە  لە زانکۆی شەریف، کۆتایی بە هاوکاریی لەگەڵ ئەو زانکۆیە هێنا.

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتریش چوار مامۆستای زانکۆی شەریف بە ناوەکانی وەحید حوسەینی مامۆستای ئەندازیاریی مێکانیک، محەممەدعەلی مەداحعەلی مامۆستای ئەندازیاریی برق، نیما ئەسەدیان مامۆستای ئەندازیاریی هەوا و فەزا و عەباس حەیدەرنووری مامۆستای ئەندازیاریی کامپیوتێر، بەرەو وڵاتانی ئامریکا و ئورووپا کۆچیان کردووە.

زانکۆکان لە ئێران و بەتایبەتی زانکۆی سەنعەتی شەریف یەک لەو شوێنە سەرەکییانەی خۆپیشاندان بە دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بوون کە تا ئێستاش بە شێوازگەلێک هەر بەردەوامە.

زانکۆی سەنعەتی شەریف یەکێک لە باشترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئێرانە کە ژمارەیەکی زۆر پڕۆفیسۆر و مامۆستای پلەبەرز وانەی تێدا دەڵێنەوە.

گوشار و سەرکوت بۆ سەر خوێندکاران و دەرکرانی ڕێژەیەکی بەرجاو لە مامۆستایانی زانکۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە و بەتایبەت پاش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، وەک هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی خوێندکاران و مامۆستایان لە زانکۆ و سەرجەم زانکۆکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێت.

لە ڕەوتی شۆڕشی سەرتاسەری لە ئێران ڕێژیم هەوڵی دا تاکوو لە ڕێگەی دەسبەسەرکردن و بانگێشتی بەکۆمەڵی خوێندکاران و سەپاندنی حوکمی دادوەری بە سەریاندا، ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران سەرکوت بکات.