کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم بانگەشەی تەشەنەسەندنی شەڕی غەززە دەکەن

12:51 - 27 سەرماوەز 2723

موحسن ڕەزایی ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بەردەوامیی شەڕی غەززە وتوویەتی بەردەوامبوونی ئەم شەڕە هەوڵی ئامریکا و ئیسرائیلە بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا و ئەم شەڕەی بە لەناوبردنی حەماس زانیوە.

موحسن ڕەزایی سەبارەت بەم شەڕە وتوویەتی کە بەردەوامبوونی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شەڕەکە بە ناوچەکانی دیکەدا.

ئەو فەرماندەی پێشوویەی سپای پاسدارانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا پشتیوانیی لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی دەریایی سووردا کردووە و ئیدعای کردووە کە ڕێژیمی ئێران لەو شەڕەدا هیچ دەستێوەردانێکی نەکردووە.

لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوەیان هەیە کە ڕێژیم هیچ دەستێوەردانێک لەو شەڕە دا ناکات، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، محەممەد ئاشتیانی لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێونەتەوی لە دەریای سووردا لەلایەن ئامریکاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی حووسییەکان هوشداریی دا.

حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی وەک دوو هێزی شکەستخواردوو لە بەرانبەر گرووپی حەماسدا ناو برد.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە کە قسەکانی حوسێن سەلامی دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەی شەڕی غەززە پەرە بە هێزەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بدات و هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانیی هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان، ئیسرائیل بخاتە ناو شەڕێکی گەورە.