کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی نەقشی ئێقتساد سەبارەت بە مەترسیی زۆربوونەوەی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٣دا هۆشداریی دا

17:50 - 27 سەرماوەز 2723

ڕۆژنامەی نەقشی ئێقتساد ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە زۆربوونی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییدا هۆشداریی دا.

ئەم ڕۆژنامە لەم ڕاپۆرتەدا پەرژاوەتە سەر نرخی هەڵاوسان و مووچەی کارمەندان و خانەنشینکراوان لە گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ١٤٠٣ هەتاویدا.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە حاڵێکدا دەوڵەت باسی لە  بەرزبوونەوەی ١٨ لەسەدیی مووچەی کارمەندان و ٢٠ لەسەدیی مووچەی خانەنشینکراوان لە گەڵاڵە بوودجەی ساڵی ١٤٠٣دا کردووە، کە نرخی هەڵاوسان لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا ٤٤.٩٪ بووە.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە لەحاڵێکدا مووچەی کارمەندانی دەوڵەت ١٨ لەسەد بەرزدەبێتەوە کە نرخی هەڵاوسان زیاتر لە ٤٥ لە سەدە، ئەمە ٢٧ لەسەد داهاتی خەڵک کەم دەکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا بێهرووز موحێبی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە "نوێنەرانی مەجلیس چاکسازی لسەر ئەم گەڵاڵەیەی دەوڵەت دەکەن تاکوو بتوانن مووچەی کارمەندانی دەوڵەت تاکوو ٢٠ لەسەد بەرز بکەنەوە، بەڵام ئەو ڕێژەیش وڵامدەری هەڵاوسانی ٤٥ لەسەدی نییە.

مامۆستایەکی بواری ئابووری لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپۆرتی بانکی جیهانی سەبارەت بە هەژاریی ٤٠ لەسەدی ئێرانییەکان ڕایگەیاندووە: "ە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان، دۆخی ئابووری و بژێوی ژیان لە ئێران، داتاکانی بانکی جیهانی دروستە و تەنانەت ئەگەر نرخی چارەڕەشی لە ئێرانیشی پێ زیاد بکەین، هەژاری تا ٥٠ لەسەدیش بەرز دەبێتەوە.