کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێستگەکانی سووتەمەنی لە ئێران هێرشی سایبێرییان کرایە سەر

10:43 - 28 سەرماوەز 2723

دوابەدوای پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە بەنزینخانەکانی سەرتاسەری ئێران لە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزدا، وەزیری نەوتی ڕێژیم ڕایگەیاند کە هێرشی سایبێریان کراوەتە سەر، دوابەدوای ئەوە گرووپی هاکێریی ''گۆنجێشکی دەڕندە'' بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرت.

جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە خزمەتگوزارییەکان لە نزیکەی لەسەدا ٧٠ لەسەدی بەنزینخانەکانی ئێران پەکیان کەوتووە و تەنیا ٣٠ لەسەدی بەنزینخانەکان کار دەکەن و ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، گرووپی هەکێریی ناسراو بە "گۆنجێشکی دەڕندە" کە کۆماری ئیسلامی پێێ وایە سەر بە ئیسرائیلە، ڕۆژی دووشەممە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس و کەناڵی تێلێگرامیی خۆی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە سایبێرییەی وەئەستۆ گرت.

ئەم گرووپە نووسیویەتی: ''ئێمە، گرووپی گۆنجێشکی دەڕندە، جارێکی دیکە سیستمی دابینکردنی سووتەمەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان کردە ئامانج. خامنەیی! وەک پێشتر هۆشداریمان دابوو، بەرامبەر بە جموجۆل و هەوڵە خراپەکانتان لە ناوچەکەدا کاردانەوەمان دەبێت.''

هێرشی سایبێری بۆ سەر وێستگەکانی سووتەمەنی و ژێرخانەکانی دیکەی ئێران پێشتریش ڕووی داوە، ساڵی ڕابردوو لە مانگی پووشپەڕدا تەنیا ڕۆژێک دوای پەسەندکردنی گەڵاڵەی پێکهێنانی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیری عامیل لە مەجلیسی ڕێژیم، هێڵی بەرهەمهێنانی سێ کارگەی گەورەی پۆڵای ئێران بەهۆی هێرشێکی سایبێری تووشی پچڕان بوو.

جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر گرووپی "گۆنجێشکی دەڕندە" بەرپرسیارییەتی هێرشی سایبێری بۆ سەر تۆڕی شەمەندەفەری ئێرانیشی لە ئەستۆ گرتووە.