کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی شەرق بە هۆی ئاشکراکردنی دژایەتیی خەڵک لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ بە تاوانبار ناسرا

10:59 - 28 سەرماوەز 2723

دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپرسییەک لەبارەی گەڵاڵەی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "حیجاب و عیفاف" لە ڕۆژنامەی شەرق کە لە نێوخۆی ئێران بڵاو دەبێتەوە، "مێهدی ڕەحمانیان" بەڕێوەبەری ئەو ڕۆژنامەیە لەلایەن دادگای سیاسی و ڕۆژنامەگەریی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تاوانبار ناسرا.

ئەکبەر نەسروڵڵاهی وتەبێژی هەیئەتی دادگای سیاسی و ڕۆژنامەگەری وتی کە تاوانی ناوبراو بڵاوکردنەوەی بابەتی دوور لە ڕاستییە و دادستانی شاری تاران لەبارەی ئەو تیترەی کە بڵاو کراوەتەوە و نووسراوە ٨٤ لەسەدی خەڵک ئێران دژی حیجابی زۆرە ملێن سکاڵای تۆمار کردووە.

ڕۆژنامەی شەرق لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەز سەبارەت بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ڕاپرسییەکی ئەنجام دا، بەپێی ئەو ڕاپرسییە ٨٤ لەسەدی خەڵکی ئێران دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا بوون و ئەو ڕاپرسییە بە بەشداری ١٢هەزار و ٣٠٠ کەس ئەنجام درابوو.

دواتر بەڕێوەبەری ئەو ڕۆژنامەیە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ناچار کرا بە زۆر دان بەوەدا بنێت کە خۆی باسی لە ناڕازیبوونی ٨٤ لەسەدی خەڵک نەکردووە و ئەو میدیایانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن ئەو تیترەیان بڵاو کردووەتەوە.

سەڕەرای دانپێدانانی زۆرە ملێ ناوبراویان ناچار کرد کە ئەو ڕاپرسییە لە سەر ماڵپەری ڕۆژنامەی شەرقیش بسڕێتەوە.

ئەم هەولەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لانیکەم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەرانبەر بە حیجابی زۆرەملێ وەستانەوە و ژنان و کچان بە پێچەوانەی خواستی دەسەڵات هیچ گرینگییەک بە پرسی حیجاب نادەن.