کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت ڕێژیمی ئێرانی بە ناردنی درۆن بۆ ڕووسیە تۆمەتبار کرد

11:25 - 28 سەرماوەز 2723

وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی بەشدار لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز، لە دانیشتنی شەش مانگەی شۆرای ئەمییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، تارانیان بە گەشەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیک، گواستنەوەی سەدان درۆن بۆ ڕووسیە و پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی ٦٠ لەسەد، تۆمەتبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئاسۆشەیتێدپرێس'' ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە ئەو تۆمەتانەی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمانیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا بەتوندی پشتیوانیی لە هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی کرد.

ئەم ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونانە لە میانەی کۆبوونەوەی شەش مانگەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی پەسەندکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام درا.

نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، گەمارۆکانی ڕۆژاوا و هەڵوێست دژی کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی ئێستا زانی.

نوێنەرانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کۆکردنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە ئێستا ٢٢ هێندەی ئەو سنوورەیە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕێگەپێدراوە و هیچ پاساوێک بۆ چالاکییە غەیرەنیزامییەکان نییە و ڕەوتی ئێستا تەنیا ڕێژیمی ئێران لە چەکی ناوکی نزیک دەکاتەوە.

بە وتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، وەک ڕێکخراوی چاودێریی ناوکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران ئەو مەرجانەی پێشێل کردووە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا دیاری کراوە و پیتاندنی ٦٠ لەسەدی نزیک لەو ئاستەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی پێویستە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرنامەی چەکی ناوکیی نییە.