کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی میلیشیاکانی ڕێژیم بۆ چوونە نێو خاکی ئۆردۆن پووچەڵ کرایەوە

11:38 - 28 سەرماوەز 2723

ئەرتەشی ئۆردۆن ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە پیلانێکی نیزامیی دەیان کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و سووریەی کە چووبوونە نێو خاکی ئۆردۆنەوە، پووچەڵ کردووەتەوە.

کاربەدەستانی نیزامیی ئۆردۆن ڕایانگەیاند ئەو کەسانە ڕاکێتهاوێژ، تەقەمەنی و مینیان پێ بووە و ئەرتەشی ئۆردۆن توانیویەتی ماشینێکیان کە پڕ لە تەقەمەنی بووە تێکبشکێنێت.

سەمیح ئەلموعایەتە وەزیری پێشووی هەواڵگریی ئۆردۆن لەسەر ئەم بابەتە وتی: ئێمە دەزانین کە کێ لە پشتی ئەم کارەیە. ئێران پشتیوانی لەم میلیشیایانە دەکات و ئەمە کردەوەیەکی نیزامیی دوژمنکارانە بە دژی ئۆردۆن لەنێو خاکی خۆیەتی.

لە ئاکامی ئەم هەوڵە تازەی میلیشیاکانی ئێران و سووریە بۆ بردنی چەکوچۆڵ بۆ نێو وڵاتی ئۆردۆن، سەربازێکی ئۆردۆنی و زیاتر لە ١٠ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراون.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئۆردۆن ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەند تێکهەڵچوونێک لەگەڵ کەسانێک کە ویستوویانە سنووری ئەو وڵاتە تێپەڕ بکەن و سەربازانی ئۆردۆنی لەسەر سنوورەکان بکەنە ئامانج، ڕووی داوە.

ئۆردۆن گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا  و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسی قاچاخی چەکوچۆڵ و ماددە هۆشبەرەکان بۆ نێو وڵاتەکەی دەزانێت.