کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازەکانی ئەمریکا داوای کردەوەی توندتر دژی حووسییەکان دەکەن

11:55 - 28 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز سێناتۆر "میچ مەک کانڵ" سەرۆکی کۆماریخوازەکانی سێنای ئەمریکا، هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتیە بارهەڵگر و سەربازییەکانی وەکوو هەڕەشەی تێرۆریستیی ئێران بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سووردا ناو برد، و داوای لە ئەمریکا کرد کە بە کردەوەی جیددیتر وڵامی حوسییەکان و ئەوانەی وا پشتیوانی لەو گرووپە دەکەن، بداتەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بە هۆی هێرشی حوسییەکانەوە چەندین کومپانیای گواستنەوەی دەریایی بە هۆی نەبوونی ئارامی و ئاسایش کارەکانیان ڕاگرتووە، و ئەوە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئابووریی جیهانی چونکە ١٢ لەسەدی ئابووریی جیهان بەسراوەتەوە بە هاتوچۆی بازرگانی لە دەریای سووردا.

ئەو سێناتۆرە باسی لەوە کرد کە پەرەسەندنی هێرشی حوسییەکان دەرخەری ڕوو‌هەڵماڵراویی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و هێرش بۆ سەر کەشتیوانی ئازاد دروستکردنی ئاستەنگی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێبەریی ئەمریکایە و ئەگەر بۆ پاراستنی پێگەی ئەمریکاش بێت دەبێ بە شێوەیەکی جیددی بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببینەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، و باسی لە پێکهێنانی هێزێکی نوێی دەریایی بۆ پاراستنی ئەو کەشتیانەی کرد کە بە هاوکاری ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن .