کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی سوورخەڵاتی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە بانە کۆچی دوایی کرد

12:01 - 28 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە نوسرەت سدیقی کچی میزرا حەسەن و دایکی شەهید عەزیز حوسێنی،  ناسراو بە ''عەزیز هەڵۆیی'' بەهۆی جەڵتەی مێشک و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.

دایە نوسرەت ژنێکی نیشتمانپەرەوەر و دڵسۆز بوو و هەمیشە شانازیی بە کوڕەکەیەوە دەکرد کە لە ڕێگەی ئازادی و سەربەستی خاک و گەلەکەیدا شەهید بووە.

ناوبراو دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی و لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشییەکەیدا لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە ورەیەکی بەهێزەوە بە خەڵکی وتووە کەس خەمی کوڕی منی نەبێت، کوڕی من لە ڕێبازێکی پڕ لە شانازیدا شەهید بووە و بۆ کوردستان گیانی خۆی بەخت کردووە و من پێی سەربەرزم.

شەهید عەزیز بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانە دژی ڕێژیم و لە پشتی گوندی شێنان شەهید بوو و پەیوەست بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەلەوە بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.