کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەرزڕاگرتنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی كوردستان

16:16 - 28 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی سەرماوەز(١٦ی دێسامبری ٢٠٢٣)، ڕێوڕەسمێکی هاوبەش لەلایەن کۆمیتە ناوچەکانی ئۆسلۆ و رۆمەریکە، بەبۆنەی ٢٦ی  سەرماوەز و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆرویژ بەڕێوە چوو.

ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

شەریف عەزیزی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ڕۆمەریکە پەیامی کۆمیتەی گشتی لە وڵاتی نۆروێژی پێشکەش کرد.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی پێشمەرگە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد‌دا کرابوو و لە بەشێکیدا بەو شێوەیە پێناسەی پێشمەرگە کرابوو کە: پێشمەرگە هێزێکی بەرگریی کوردە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەیدا. هێزێکی خۆبەخش کە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستان و بۆ پارێزگاری لە بوون و کەرامەتی کورد دروست بووە. بیرو باوەڕی شۆڕشگێڕانه و ئامانجی ڕزگاریخوازانه، هاندەری سەرەکیی ئەم هێزە خۆبەخشە بووە بۆ پارێزگاری لە نەتەوە و نیشتمان و، گیانبەختکردن لەم ڕێگایەدا.

دواتر شایستە ڕەحمانی بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی نۆروێژ پەیامی یەکیەتیی ژنانی بەبۆنەی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە برگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، لەلایەن کۆمیتەی گشتییەوە بە سپاسنامە، ڕێزی لە تێکۆشان و ماندووبوونی ئەو هاوڕێیانە گرت کە لە بەڕێوەبردنی بۆنەکاندا، لە وڵاتی نۆروێژ، ئەرک لە ئەستۆ دەگرن.

لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەندان هێدی قادری، هوشیار ئیبراهیمی، نەجمان سیندی و مەنسور کاویان کۆمەڵێک گۆرانی و سروودیان پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و ئامادەبووان بە هەڵپەڕکێ و شادی، گڕ و تینێکی تایبەتیان بە ڕێورەسمەکە دا.