وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ لانیکەم سێ حەفتەی دیکە پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران داناوە و لەم ماوەیەدا هەزاران ئامانج پێک دەهێنن.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی "سی ئێن ئێن" (CNN)، عەمید ئەفی دەفرین، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەو وڵاتە هەزاران ئامانجی دیکەیان بۆ هێرشکردن لەبەر دەستدایە.
ناوبراو زیادی کرد: ''ئێمە لە هەماهەنگی تەواوداین لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانمان و پلانمان هەیە لانیکەم تا کاتی گەیشتنی جەژنی جووەکان "پێسەخ" کە نزیکەی سێ حەفتەی دیکەیە، بەردەوام بین''.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت بۆ سێ حەفتە دوای ئەوەش، پلانی قووڵتریان ئامادە کردووە.
ئەفی دەفرین هەروەها جەختی کردەوە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر بنەمای کاتێکی دیاریکراو ئەنجام نادات، بەڵکوو جەخت لەسەر پێکانی ئەو ئامانجانە دەکاتەوە کە پێشوەختە دەستنیشان کراون.
هاوکات ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل"، ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتی دا کە ئەرتەشی ئیسرائیل خۆی بۆ چەند حەفتەیەکی دیکە لە ئۆپەراسیۆن لە نێوخۆی ئێران ئامادە دەکات؛ چونکە هێشتا ئامانجی زۆری لەبەردەستدایە کە هەم لە تاران و هەم لە ناوچەکانی دیکەی ئێران هەڵکەوتوون.