کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: هەموو بژاردەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لە حاڵی تاوتوێ کردندایە

14:46 - 24 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی "بی‌بی‌سی جیهانی"، وەزیری وزەی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بووەتە یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو بژاردەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە لە ژێر تاوتوێ کردندایە.

ئێد میڵیبەند لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری بی‌بی‌سی وتی: "هەر بژاردەیەک کە بتوانێت تەنگەی هۆرمۆز بکاتەوە، لە ژێر تاوتوێ کردندایە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بریتانیا پێشتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، لەوانە ئەمریکا، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا گفتوگۆی کردووە.

وەزیری وزەی بریتانیا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، حەفتەی ڕابردوو لە عەرەبستان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە دۆخی گەرووی هۆرمۆز ڕاوێژی کردووە و بە وتەی ئەو، بریتانیا دەیەوێت لەم بوارەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هاوکاری بکات.