کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگیربوونی سپای پاسداران لە شوێنە گشتییەکانی کوردستان مترسی بۆ خەڵک دروست کردووە

17:21 - 24 رەشەمه 2725

ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە شار و گوندە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی مافی مرۆیی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان، بەتایبەت سپای پاسداران، لە ناوەندە وەرزشییەکان، قوتابخانەکان، ئیدارەکان و مزگەوتەکاندا جێگیر بوون.

هاووڵاتییان دەڵێن سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵک، هێزە نیزامییەکان هێشتا لەو شوێنانە و لە ناوچە تەواو نیشتەجێبوونەکاندا ماونەتەوە و لە هەندێک گونددا، خەڵک لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران تووشی پێکدادان بوون و ناچاریان کردوون مزگەوتەکان و شوێنە گشتییەکان چۆل بکەن.

لە چەندین حاڵەتیشدا، هێزەکانی سپای پاسداران دوای جێگیربوونیان لە شوێنە گشتییەکان، داوایان لە دانیشتووانی ماڵە نزیکەکان کردووە کە ماڵەکانیان چۆل بکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی بۆردومانکردنی هەندێک لەو شوێنانەی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی لێ جێگیرە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئەم هەنگاوانە گیانی کەسانی مەدەنی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە.