کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جروزالم پۆست: ورەی هێزەکانی بەسیج لە تاران داڕماوە و بازگەکان چۆڵ دەکرێن

17:13 - 24 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی "جروزالم پۆست"، لە دوای چڕبوونەوەی هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بازگەکانی بەسیج و سپای پاسداران لە تاران و شارەکانی دیکە، هەندێک لە ئەندامانی بەسیج لە ترسی بە ئامانجگرتنیان لە سەر ئەرکەکانیان ئامادە نەبوون.

فایلێکی دەنگی بڵاوکراوەتەوە کە دەوترێت قسەکانی فەرماندەیەکی بەسیجە؛ لەو فایلەدا ناوبراو هانی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی دەدات کە لە کاتی هێرشی دڕۆنەکانی ئیسرائیل تووشی ترس و دڵەراوکێ نەبن و شوێنەکانیان چۆل نەکەن.

هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئامانجی نیزامی کەم بۆ فڕۆکە جەنگییەکان ماوەتەوە و ئێستا دڕۆنەکان بۆ تێکشکاندنی هێزە سەربازییە جێگیربووەکان و بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی کۆبوونەوەی هێزە نیزامییەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت.

فەرمان بە هێزەکانی بەسیج کراوە کە لەکاتی بیستنی دەنگی دڕۆنەکان، مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، بەڵام بازگەکە چۆڵ نەکەن و لەو نزیکانە جێگیر بن تا لە کاتی دەرکەوتنی کەسانی چەکداردا، بتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە و هاوکات لە هێرشە مووشەکییەکانیش پارێزراو بن.

هاوکات، هەندێک لە دانیشتووانی تاران ڕاپۆرتیان داوە کە ئەندامانی بەسیج لە ترسی هێرشەکان لە بازگەکان هەڵاتوون و تەنانەت خێزانەکانیشیان نازانن لەوێن.

ئەم دۆخە نیشاندەری زیادبوونی نیگەرانی و لەرزۆکیی ورەی هێزەکانی بەسیجە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا.

هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکان لە تاران لە چەند شەوی ڕابردوودا چڕتر بوونەتەوە و تەقینەوەی گەورە لە شوێنە جیاجیاکانی پێیتەخت ڕاپۆرت کراون.

بڕانی کارەبا، تێکچوونی VPN و بوونی پارازیت لەسەر کەناڵە ئاسمانییەکان بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتووان بۆ چەندین کاتژمێر لە ئاگادارکردنەوەکان و هەواڵەکانی پەیوەست بە ناوچە بۆردومانکراوەکان بێئاگا بن.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها دەڵێت کە تەنانەت بە هەوڵەکانی جێگری سەرۆککۆمار بۆ سەردانکردنی بازگەکان و بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکان، ترس لە هێرشەکان هێشتا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت و ئامادەنەبوونی هێزەکانی بەسیج لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوامە.