کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەیی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی نوێ و دژایەتیی حەماس

10:54 - 29 سەرماوەز 2723

سەرۆککۆماری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە ئامادەیە ئاگربەستێکی مرۆیی دیکە ڕێک بخات و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان زیاد بکات، هاوکات یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی حەماس جەختی کردووەتە کە  لە سایەی بەردەوامیی شەڕدا وتووێژ لەسەر بارمتەکان ناکەن.

ئیسحاق هێرتزوگ، سەرکۆماری ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز ڕایگەیاند: ئیسرائیل ئامادەیە ئاگربەستێکی دیکە بە نێوبژیوانی وڵاتانی دیکە لە لێواری غەززە بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەروەها یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ لێواری غەززە، ڕێک بخات.

لێدوانەکانی هێرتزۆگ لە کاتێکدایە کە یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حەماس لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە سایەی شەڕدا دژایەتی دەکات، بەڵام ئامادەیە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک بە هەواڵدەریی ڕویتێرزی ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە نێوان سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەڕێوەبەرانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی "مووساد" و دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا "سی ئای ئەی" لە وەرشۆ بۆ تاوتوێی ئازادی و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس ئەرێنی بوو، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێککەوتنێک بکرێت.