کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکی زۆر نهێنیدا داوای دامەزراندنی دادگای گەڕۆکی کردووە

11:12 - 29 سەرماوەز 2723

"ئەحمەد وەحیدی" وەزیری ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی  زۆر نهێنیدا داوای لە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران کردووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ بێحیجابی، دادگای گەڕۆک لە شەقام، کۆڵانەکان، ناوەندە گشتییەکان وەکوو بازاڕە گەورەکان و هەر جێگایەک کە بە پێویستی بزانن، دامەزرێنن.

یەکێک لەو ڕاگەیەندراوانە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی و یەکێکی دیکەیان لە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بە مۆری زۆر نهێنی و بەپەلە و بە واژۆی وەزیری ڕێژیمی ئێران بۆ هاواهەنگی لەگەڵ وەزارەتخانەکان، حیفازەتی سپا، وەزارەتی ئیتلاعات، سازمانی ئیتلاعاتی فەراجا و ناوەند و دامەزراوەکانی دیکەی ئەو ڕێژیمە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی نێردراوە.

لە بەندی ١٢ی یەکێک لەو ڕاگەیەندراوانەدا داوا لە فەراجا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە کە دژی ئەو کچە قوتابییانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەجاو ناکەن بەڵگە کۆ بکرێتەوە تا لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە لەگەڵیان مامەڵە بکرێ.

لە بەشێکی دیکەدا فەرمان بە فەرمانبەرانی ڕێژیم دراوە کە ئەو کەسایەتییە دیارانەی کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک بۆ لای بێحیجابی هان دەدەن بە تاوانی بڵاوکردنەوەی فەساد لە ناوەندە دادوەرییەکان دۆسییەیان بۆ دروست بکرێ، هەروەها بچنە ناو ماڵ و جێگای ژیانیان و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا بگرن.

لە بەشێکی دیکەدا، کافی شاپەکان بە یەکێک لە ناوەندە خراپ و هاندەرکان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسێنراون و داوا کراوە کە ئەو کافانە بەتایبەت ئەوانەی لە قوتابخانە و زانکۆکان نزیکن دابخرێن و بە یەکجار پۆلۆمپ بکرێن.