کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ١٤ کەس و کۆمپانیا لە چوار وڵاتدا

11:21 - 29 سەرماوەز 2723

ئەمریکا لە چوار وڵاتدا، گەمارۆی خستە سەر ١٤ کۆمپانیا و کەس، کە پشتیوانییان لە بەرنامەی پەهبادیی سپای پاسدارانی ڕێژیم کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ سەرماوەز، ئەمریکا ڕایگەیاند، تۆڕیکی پێکهاتوو لە ١٠ ڕێکخراو کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و دابینکردنی پارچەی پەهبادە هێرشبەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە، گەمارۆ داوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم تۆڕە لە ئێران، مالێزی، هۆنگ کۆنگ و ئەندۆنزی چالاکە و دابینکردنی پێکهاتە سەدان هەزار دۆلارییەکان، بۆ ڕێکخراوەکانی سەر بەهێزی ئاسمانیی سپای تێرۆریستیی پاسداران و بەرنامە پەهبادییەکانی ڕێژیمی لە ئەستۆیە.

ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرهەمهێنانی نایاسایی و بڵاوکردنەوەی پەهبادی کوشندە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و گەیاندنیان بۆ هێزە نیابەتییەکان و هەروەها بۆ ڕوسییە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی زیاد کردووە و سەقامگیریی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەسەر دانانی گەمارۆ دژی بەرنامە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرنامەی پەهبادی کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانی تێکداوە، بەردەوامە.