کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی حەمید نووری لە دادگای ستۆکهۆڵم پشتڕاست کرایەوە

11:41 - 29 سەرماوەز 2723

دادگای پێداچوونەوەی ستۆکهۆڵم، بڕیاری دادگای سەرەتایی و حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووریی بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتنی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧دا، پشتڕاست کردەوە.

بەپێی بەو بڕیارە، حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە بە دوو تاوانی شەڕ و کوشتن پشتڕاست کراوەتەوە و ناوبراو بە قەرەبووکردنەوە و پێبژاردن بە کەسوکاری کوژراوان و زیندانییانی سیاسیش سزا دراوە.

بەندکرانی هەتاهەتایی لە سوید بەرانبەر بە ٢٥ ساڵ بەندکرانە و بەپێی بڕیاری دادگای ستۆکهۆڵم، حەمید نووری دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی لە وڵاتی سویدیش دەر دەکرێت.

لەو پێوەندییەدا کەسایەتییە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی پێشوازییان لەم حوکمە کرد و ٤٥٢ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوان، زیندانییانی سیاسیی پێشووی، دادخوازەکان و کەسایەتییە ئەدەبی، سیاسی و فەرهەنگییەکان، پەسەندکردنی حوکمی نوورییان بە شکستی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی دادخوازی وەسف کرد.

لە کاردانەوە بەو حوکمە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتی: ''ئێران حوکمی دادگای سەرەتایی و دادگای پێداچوونەوە سەبارەت بە حەمید نووری لە بنەڕەتدا قەبووڵ ناکات و بەتوندی مەحکوومی دەکات.

حەمید نووری، لە کاتی ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە ناوی حەمید عەباسی، دادیاری دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە گەوهەردەشت بووە و لەلایەن سکاڵاکەرانی تایبەتەوە بە دست تێدابوون لە کوشتاری زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و ئەندامەتی لە هەیئەتی مەرگ تۆمەتبار کراوە.

حەمید نووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوید بە حوکمی دادستانی سوید و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کوشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.

لە ڕەوتی دادگایی حەمید نووریدا  نزیکەی ٤٠ سکاڵاکەر و ٦٠ شایەتحاڵ کە لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە زیندانی گەوهەردەشت زیندانی بوون، بەشدارییان هەبوو.