کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان ڕیژیمی ئێرانی بە پیلانگێڕی بۆ هێرشکردنەسەر کەنیسەیەک تاوانبار کرد

16:09 - 29 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، سەبارەت بە پیلانگێڕیی ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە و هەوڵی سووتاندنی کەنیسەیەک لە شاری "بوخوم"، باڵوێزی فەرمیی ڕێژیمی ئێران لە شاری بەرلینی بانگ کرد.

دادگای بەرزی دۆسێڵدرۆف ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە هەوڵی ئاگرتێبەردانی کەنیسەی "بوخوم"ـی ئاڵمان لە ساڵی ڕابردوودا بە هاوکاریی ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە.

هەروەها وتی کە ئەو هەوڵ و پیلانگێڕییە لەلایەن کەسێکی ئێرانی _ ئاڵمانی بە ناوی "بابەک.ج" تەمەن ٣٦ ساڵەوە ئەنجام دراوە، و ناوبراویش لەلایەن کەسێکی دیکەوە لە نێوخۆی ئێران فەرمانی ئەو پیلانەی پێ دراوە.

دادگای دۆسێڵدرۆف ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسە ئامانجی سووتاندنی کەنیسەی یەهوودییەکان بووە بەڵام کاتێک نەیتوانیوە ئەو کەنیسە بسووتێنی ئاگرەکەی خستووەتە نێو قوتابخانەیەک لە قەراخ کەنیسەکە.

بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری "ئشپیگێل"ـی ئاڵمانی ئەو تاوانبارە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دادگای بەرزی دۆسێڵدرۆفەوە بە ٣٣ مانگ بەندکران سزا دراوە.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا بە هەمان شێوە مۆرەکانی ڕێژیم بۆ دەستێوەردان و پیلانگێڕی لەو وڵاتە و ئازاردانی یەهوودییەکان پیلانی سووتاندنی کەنیسەیەکی دیکەیان دابوو؛ کەسێک بە ناوی "ڕامین یەکتاپەرەست" لەو پیلانگێڕیەدا دەستی هەبووە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سپای پاسداران لە پێوەندیدا بووە، و دوای پیلانگێرییەکانی لە ئاڵمانەوە هەڵاتووەتەوە بۆ ئێران و لەگەڵ "بابەک ج" لە پێوەندیدا بووە.