کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم دیسان بەرز دەکرێتەوە

16:25 - 29 سەرماوەز 2723

مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم، ڕێکخراوەی بەرنامە و بوودجەی ئەرکدار کردووە تاکوو بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم ٤٣٪ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٢ بەرز بکاتەوە.

ڕۆژنامەی "ئێقتێساد ٢٤" لە ڕاپۆرتێکدا ڕەخنەی توندی لە کارکردی دەنگوڕەنگی ڕێژیم گرتووە و نووسیویەتی: "کەمبوونەوەی حەز و هۆگریی خەڵک بە بەرنامەکان، تەرخانکردنی کاتی زۆر بۆ ڕێکلام و کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە نەتەوەییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئاست نزم، بەڕێوەبردنی لایەنگرانە و بێکەڵک، لە خاڵە لاوازەکانی ئەم میدیا دەوڵەتییەیە."

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە  دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە نێوان ١٧ دامەزراوە و کۆمپانیای زیانبار لە بوودجەی ساڵی ١٤٠٢، بە تێچووی ١٤ هەزار میلیارد تمەن، پلەی یەکەمی هەیە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی بوودجەی ١٤٠٢ بڕیار بووە کە ٦ هەزار و ٤٠٠ میلیارد تمەنی ئەم تێچووە لە داهاتەکانی وەک ڕێکلام و چالاکییە ئابوورییەکانی دەنگوڕەنگەوە دابین  بکرێت و ٥٦ لەسەدی دیکەی لە پاشەکەوتی گشتی پێ بدرێت.

بەم پێیە، بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیم کە یەک لە پڕتێچووترین دامەزراوەکانی دەسەڵاتە بۆ جارێکی تر و بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە ڕێگەی داهاتەکانی خەڵکی ئێرانەوە بەرزتر دەبێتەوە.

شایانی باسە کە دەنگوڕەنگی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەرنامەی لایەنگرانە و دوور لە ڕاستی بەتایبەت لە بواری سیاسیدا و هەروەها ئەندازیاریی هەواڵەکان، متمانەی خەڵکی لەدەست داوە و بەردەوام ڕێژەی بەردەنگەکانی کەم دەبنەوە.