کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە حوکمەکەی حەمید نووری کاردانەوەی نیشان دا

16:28 - 29 سەرماوەز 2723

بڕیاری دادگای سوید سەبارەت بە حەمید نووری، لە بەرپرسانی پێشووی ڕێژیمی ئێران کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە، کاردانەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ سەرماوەز، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لەوبارەوە وتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری دادگای سەرەتایی و پێداچوونەوە سەبارەت بە حەمید نووری، بە قبوڵنەکراو دەزانێت و مەحکوومی دەکات.

حەمید نووری ناسراو بە "حەمید عەباسی"، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتیی زیندانی ڕێژیم لە گەوهەردەشت، بە دوو تاوانی سەرەکیی شەڕ و کوشتنی بەئەنقەست، لە سوید دادگایی کرا.

ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠١دا بەهۆی بەشداریکردن لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە هاوینی ١٣٦٧دا، سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و لە پارێزەرەکانی ڕێژیم داوای دادگای پێداچوونەوەیان کرد.

دادگای پێداچوونەوە لە سوید، دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمی هەتاهەتایی حەمید نووری ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە ئەو دۆسییەکە لەلایەن داواکاری گشتییەوە بەهێز و جێگەی متمانەیە و دادگای ناوچەیی سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بەڵگەی پێویستی لەبەر دەستدایە.