کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدان بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە شەڕی غەززە بۆ جارێکی تر دواکەوت

11:04 - 30 سەرماوەز 2723

نوێنەرانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەماوەز ڕایانگەیاند کە، دەنگدان بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئەمنییەت سەبارەت بە شەڕی غەززە بۆ جارێکی تر لەسەر داوای ئامریکا دوا کەوت.

ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٢ جاری دیکە پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیەی ڤێتۆ کردووە.

نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دەنگدانی بەپەلە ئەنجامی باشی نییە و وتووێژەکان بەردەوامە تا جارێکی تر پێشنووسەکە ڤێتۆ نەکرێت.

 هەر لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی کە بڕیارنامەکە پێش بە یارمەتییە مرۆییەکان نەگرێت و ڕەوتی یارمەتیدانەکە لەوە دژوارتر نەکات.

ئەمریکا لەوە ناڕازییە کە پێشنووسەکە داوا لە "گۆتێرێش" سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تاکوو مێکانیزمێک لە غەززە دروست بکات کە چاوەدێری لە سەر هەموو یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ڕێگەی دەریا و ئاسمان و زەوییەوە دەچنە نێو غەززە بکات.

لە ئێستادا ئیسرائیل چاوەدێری یارمەتییە مرۆیی و سووتەمەنییەکان دەکات کە لە ڕێگەی دەروازەی "ڕەفەح و کەرەم شالووم"ـەوە دەچێتە نێو غەززە.

تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە پەسەندکردنی بڕیارنامەکە بۆ چەن ڕۆژ دوا دەکەوێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاگربەستی یەکجاری ڕازی نین و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوە تەنیا لە بەرژەوەندیی حەماسدایە، بەڵام واشینگتۆن لە ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت پشتیوانی دەکات تاکوو یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە دەستی غەززە و بارمتەکان ئازاد بکرێن.