کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم دەردەبڕن

11:54 - 30 سەرماوەز 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شاری بۆکان، کۆمەڵە کەسێک بە نووسینی دروشم لەسەر پارەی ڕێژیم، بێزاریی خۆیان لەم ڕێژیمە دەربڕیوە.

لەسەر پارەکان جیا لە نووسینی دروشمی وەک نەمان بۆ دیکتاتۆر بۆ دەربڕینی بێزاری، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە ئاماژە بۆ شۆڕشی ژینا بەم دروشمە سەرەکییەوە، نووسراوەتەوە .

ئامانجی ئەم کەسانە ڕاگەیندنی بێزاریی خۆیان بەرانبەر بە ڕێژیم بووە.

دوابەدوای ئەم هەوڵە، حەراسەتی بانکەکان، لە بڕیارێکدا، هەموو بانکەکانی ئەرکدار کردوون تاکوو ئەم جۆرە پارانە لە خەڵک وەربگرنەوە و ڕادەستی بانکیی میللیی بکەن.

ئەم بڕیارەی حەراسەت بۆ ئەوە بووە کە بانکی میللیی ڕێژیم بتوانێ پارەی نوێ، لە جیاتی ئەم پارانە بخاتە نێو خەڵکەوە و درێژە بە بڵاوکردنەوەی ئەم پارانە بەم دروشمانەوە نەدرێ.

 ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستاندا، کوردستان بوو بە گۆڕەپانی چالاکییە تەبلیغییەکان و خەڵک بە پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی بەسەر شارەکانی کوردستاندا، ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیم دەربڕی.