کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

11:57 - 30 سەرماوەز 2723

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز، چوار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەبارەت بە گوێنەدان بە ویست و داخوازییەکان لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدار، هەروەها خراپبوونی دۆخی ژیان بەڕێوەچوو.

هەر لەم پێوەندییەدا لە ٢٩ـەمین کۆبوونەوەی خانەنشینکراوانی ئێراندا، خانەنشینکراوانی شاری سنە لە بەرانبەر سندووقی خانەنشینکراوان کۆ بوونەوە و بە بەرزکردنەوەی پلاکارد و هەروەها وتنەوەی دروشم داوای وەک یەککردنی مووچەکانیان و هەروەها زۆرکردنی مووچەی مانگانەیان لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخەکان کرد.

هەروەها خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری شووش و هەفت تەپەش لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییان لە پارێزگای کرمان بۆ جاری چوارەم لەم مانگانەی دواییدا، بە هۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، لە بەردەم بینای پارێزگاری کرمان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

کرێکارانی کارگەی ئاوی کانزایی داماشیش بە هۆی نەدان و دواکەوتنی مووچەی سێ مانگی پاییزییان کۆ بوونەوە و داوای مافی خۆیان کرد.

کارمەندانی فەرمیی کۆمپانیایی نەوت و گازی ئاغاجاریش هەروەها بەهۆی گوێنەدان بە ویست و داخوازییەکانیان و نەدانی مووچەی مانگانەیان و هەروەها خراپبوونی دۆخی ژیانیان لە شوێنی کارکردنیان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.