کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی شتومەکی شەویی یەڵدا لەگەڵ گیرفانی خەڵک ناتەبایە

12:28 - 30 سەرماوەز 2723

خەڵکانی ئێران لەکاتێکدا ڕێوڕيسمی شەوی یەڵدا بەڕێوە دەبەن کە نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی ئەم شەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

گرانبوونی نرخی دۆلار، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری لەسەر ژیانی خەڵک هەبوو و گرانی بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردبوو.

لە شەوی یەڵدای ئەمساڵدا و لە درێژەی ناکارامەیی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمەدا، نرخی شتومەکی شەوی یەڵدا بەرز بووەتەوە و لە زۆر شوێندا، نرخەکان بە شێوەیەکن کە کڕینی پێداویستییەکانی ئەم شەوەی بۆ بنەماڵە هەژارەکان گەیاندووە بە سیفر.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بەم شەوە لە هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێراندا، خەڵک لە گرانبوونی نرخەکان و هەروەها جیاوازیی نرخەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا، دەناڵێنن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە کە لە بەرەبەری شەوی یەلدادا بڵاو کراونەتەوە، نرخی شتومەک و پێداویستییەکانی شەوچلە، بە شێوەی کاتی لە گۆڕاندایە و بەشێکی زۆر لە خەڵک ناتوانن پێداویستییەکانی شەوچلەی ئەمساڵ دابین بکەن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیمدا، یەک کیلو پرتەقاڵ بە ٤٠ هەزارتمەن، کیلۆیەک هەنار بە ٥٠ هەزار تمەن، یەک کیلۆ ئاجیل بە ٦٥٠هەزار تمەن، یەک کیلۆ شیرینی بە ١٥٠ هەزار تەمەن و کیلۆیەک تۆو بە ٢٠٠ هەزار تەمەن دەفرۆشرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، سفرەی بنەماڵەیەکی ٤ هەتا ٦ کەسی لە شەوی یەلدای ئەمساڵدا هەتا دوو میلیۆن تمەن تێچووی هەیە و ئەمە هیچ تەباییەکی لەگەڵ مووچەی ٧ میلیۆنیی کرێكاران نییە.

شەوی یەلدا یان شەوچلە، درێژترین شەوی ساڵە کە وەکوو یەکەم شەوی زستان و نەریتێکی کۆن لەلای خەڵکی ئێران و کوردستانەوە به شێوەیەکی تایبەت بەڕێوە دەچێت، بەڵام دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک و ئەو نەهامەتییانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرۆکی خەڵکی گرتووە، وای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵک درێژترین شەوی ساڵ بە تاڵی ڕابوێرن.