کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: نایەکگرتوویی و گوتاری جیاوازی هێزە سیاسییەکان لە شۆڕشی ژینادا زەبری گەورەی لە بزووتنەوەکە دا

15:30 - 30 سەرماوەز 2723

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوێترین وتووێژی لەگەڵ دەنگی کوردیی ئەمریکادا ڕاشکاوانە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری لەبارەی دواگۆڕانکارییەکانی کوردستان و ئێران، دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ستراتیژیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بارودۆخی نوێی ناوچە، گرژی و ئاڵۆزیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و دوورەدیمەنی خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران دایەوە.

کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی حیزبەکان هەرکام بەتەنیا کاری دیپلۆماسی دەکەن و شاندێکی نوێنەرایەتیی کوردی بۆ دیپلۆماسیی کوردی نییە، گوتی: لە بنەڕەت‌ڕا دەبێ وابێت و هیوادارم بەرەو ئەوە بڕۆین. هەرچەند ئێستا بە جۆرێک کۆمەڵێک کێشە و گرفت و ناکۆکی لە نێوان حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ جووڵانەوەی ژینا و چۆنیەتی تەعامولکردن لەگەڵ پرس و لایەنەکانی ئێران هەیە. بەڵام هەمووی ئەوانە بۆ دەرس‌وەرگرتن دەبێت و ئێستا خەریکین بە جۆرێک ئەو قۆناغەش تێپەڕێنین.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر عێڕاق و هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی ڕێککەوتننامەی ئەمنیەتیی نێوان ئێڕان و عێڕاق لەسەر حیزبی دێموکرات چ بوون، گوتی: ئێمە گوتوومانە کە نامانەوێ و ناشبینە هۆی کێشە و ئاستەنگ بۆ حکوومەتی عێڕاق و حکوومەتی هەرێم. تا ئەو جێگەی پێوەندی بە مەسەلەی چەکداربوونی ئێمەوە هەیە، لەڕاستیدا ئەوە زۆرتر پێوەندی بە نێوخۆی عێراقەوە  هەیە و ئێمە بە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێم و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشمان گوتووە کە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هیچ چالاکییەکی نیزامی دژی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆیی ئێراندا ناکەین. شۆڕشێ ژینا لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا جارێکی دیکەش بە هەمووانی سەلماندەوە کە جوغرافیا و مەیدانی خەباتی ئێمە نێوخۆی ئێران و کوردستانی ئێرانە و ئەوەیکە ئێمە لە کوردستانی عێراقین لە ڕووی ناچارییە. ئەوە کۆماری ئیسلامییە شەڕی نیزامیی بەسەردا سەپاندووین و ئێمە ناچار بووین بۆ بەرگری لە خۆمان دەست بۆ چەک ببەین و هێزی پێشمەرگەمان هەبێت. ئێستاش هەموو قورسایی کار و خەباتی ئێمە لەسەر ئەوەیە خەڵک لە نێوخۆی وڵات بە کەمترین خەساری گیانی بتوانێ لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی، نەتەوایەتی و دێموکراتیکی خۆیاندا بمێننەوە.

خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هەتا کەی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا خەبات و بەرژەوەندیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتە قوربانی، تیشکی خستە سەر ئەوە کە قەت لەو باوەڕەدا نەبووین ڕۆژهەڵات بکەینە قوربانیی پارچەیەکی دی، بەڵام باوەڕمان ئەوەیە دەبێ ڕاستییەکان دانیان پێ دابنێین کە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی خۆی و پێداویستیی خۆی هەیە و قەت ئارەزوو ناکەین ئەو بەشە لە نیشتمان لەسۆنگەی ئێمەوە ببێتە بەشێک لە کێشە لەگەڵ ئێران. وەک باسم کرد کوانووی خەباتی ئێمە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە و ئەگەر لێرە لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا گۆڕانکارییەک لە شوێنی کار و تێکۆشانی هێزەکانمان ڕوو بدا، ئەوە بەو مانایە نییە لایەک کراوەتە قوربانیی لایەکی دی. وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە درێژەی باسەکاندا هەڵوێستی لە بەرانبەر ئەو پرسیارەدا گرت کە بۆچی لە شۆڕشی ژینادا لە خەڵکی نێوخۆ دابڕان و گوتی: حیزبی دێموکرات زۆر بەرپرسانە بەشداریی لەو ڕاپەڕینەدا کرد و بە سیاسەتی زۆر دروست و مەنتیقی خەڵک و ڕاپەڕینەکەی هیدایەت کرد و هەر ئەوە کە لە شنۆیە ڕا هەتا جوانڕۆ دروشمی "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" بەرز کرابۆوە پێشان دەدا هیچ دابڕانێک لەنێوان خەڵک و حیزبی دێموکراتدا نەبووە و نییە. هەر ئەوەش بوو تاقەتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگرت و بە مووشک بنکە و بارەگا و شوێنی ژیانی خەڵکەکەی ئێمەی لە باشووری کوردستان کردە ئامانج. ئەوەش کە ڕاپەڕینەکە پاش ماوەیەک دامرکایەوە بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە نابێ ئەو چاوەڕوانییە هەڵەیەمان هەبێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کورد و خەباتی مەدەنی و جموجۆڵی پێشمەرگانەی کوردستان دەڕووخێت. بەڵام گرینگ ئەوە بوو ئێمە قوورسایی خۆمان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و دوورەدیمەنی ئێرانی داهاتوو پێشان بدەین و ئەو ڕاپەڕینانە و خەسارناسیی دەسکەوت و لێکەوتەکانی بکەینە هەوێنی بەرەوپێشچوونی خەباتەکەمان.

خالید عەزیزی لە شیکردنەوەی ئەو بابەتەدا کە نابێ ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێت کە ڕێژیم بە کورد و خەباتی پێشمەرگانە و مەدەنیی دەڕووخێت، تیشکی خستە سەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو خەڵکی ئێران دەڕووخێ و یەکێک لە کەمایەسییەکانی جووڵانەوەی ژینا ئەوە بوو کە زۆربەی زۆری شارە گەورەکانی ڕەگەڵ نەکەوت، ئەگەرچی بەشداریی کوردستان لەو پەڕی خۆیدا بوو. بۆیە پێویست دەکا ڕێوشوێنێک بدۆزریتەوە و بەرەو ئەوە بڕۆین کە لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا هەموو خەڵکی ئێران یەکگر و پێکەوە لە مەیدانەکەدا بن. چارەسەری پرسی ئێمەش وەک کوردی ئێران لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدایە و دوو ڕێگامان لە بەردەمە: ڕێگایەک ئەوەیە ئەو نیزامە نەمێنێ و بۆ نەمانی ئەو نیزامەش ئێمە دەبێ لایەنە غیرە کوردییەکانی ئێران لەگەڵ خۆمان بخەین. دووهەم لەنێو ئەو نیزامەدا ئەگەر پێیان وایە دەبێ ئاڵوگۆڕێک لە خۆیدا پێک بێنن گوێیان بدەینێ و دەرگای دیالۆگ و وتووێژ بکەینەوە، ئەگەر بەڕاستی کەسانێک لەو نیزامەدا باوەڕیان بەوە هەبێت. لە تەواوەتیی خۆیدا ئێمە چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێران و ئەگەر بگونجێ لە داهاتوودا هەر لە تارانی دەبینین. کیشەی کوردی ئێران لە واشینگتۆن، پاریس و لەندەن چارەسەر ناکرێ و دواجار هەر لە نێوخۆی وڵاتدا چارەسەر دەکرێ.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وەڵامی ئەوەدا کە بۆچی حیزبی دێموکرات چالاکییەکی ئەوتۆی نییە و پێچەوانەی ڕابردوو خۆ لە پارتی دێموکرات نیزیک دەکاتەوە و بەو پێیەش لە یەکیەتیی نیشتمانی دوور دەکەوێتەوە، گوتی: چالاکییەکانی ئێمە بەپێی توانای خۆمان لە نێوخۆی وڵاتە و دیار و بەرچاویشە و ئەگەر کەسێک چاو لە مێژووی ئەم حیزبە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بکا و ئەوەی بەسەریی هاتوە لە گرتنی ئەندامان و تێرۆر و کوشتنی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی و مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی ئەدی ئەگەر ئەوە نیشانەی چالاکیی حیزب نەبێت، بۆچی ئاوا لەلایەن ڕێژیمەوە پەلامار دەدرێت؟ بەڵام لەبارەی بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان ئێمە یەکیەتیی نیشتمانی و پارتی دێموکراتی کوردستان وەک دۆست چاو لێ دەکەین. ئێمە لە خاکی کوردستانی عێراقین و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای کێشە و ئارێشەکانی نێوخۆیان کە ئارەزووم دەکرد ئەو قەیران و کێشانە نەبوایە، لە نەزەر ئێمەوە دەسەڵاتێکی قانوونیی ئێرەیە و حیزبی دێموکرات دەبێ ڕێزی بۆ دابنێ. ڕاستە ئەوە حەقێقەتێکی زۆر تاڵە و ناخۆشە حیزبێک تەمەنی ٨٠ ساڵ بێت بەڵام زۆربەی زۆری ژیان و ناوەندی بڕیارەکەی لە کوردستانی عێراق بووە. لە حاڵێکدا خاڵی بەهێز بۆ حیزبی دێموکرات ئەوە نییە هێزی پێشمەرگەی هەیە و بەرگریی چەکداریی کردوە، بەڵکوو خاڵی بەهێزی حیزبی دێموکرات ئەوەیە لەنێو خەڵکیکدا دروست بووە و ئەو خەڵکە لە نێوخۆی وڵات لە هەموو ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکان لەگەڵی بوون و دەشمێننەوە.

خالید عەزیزی لەبارەی ڕاگرتنی خەباتی پێشمەرگانە لە هەلومەرجی ئێستادا گوتی:

ئێمە قەت لەوە باوەڕەدا نەبووین کە کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران بە شەڕ چارەسەر دەکرێ، مخابن کە ئێمە شەڕمان بەسەردا سەپاوە. ئێمە ئەوەمان وەک مێتۆد بۆ خەباتی مافخوازنەمان هەڵنەبژاردوە، بۆیە لە بەرانبەر ئەوەدا پتر مێتۆدی ڕێکخستنی جەماوەری، تێکۆشانی میدیایی، خەباتی دێپلۆماتیک لەدژی ڕێژیممان ڕەچاو کردوە. ئێمە نامانەوێ بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەباتی جەماوەریی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی هەر بە هێزی ڕەق‌ئامێری و هێزی چەکداری پێناسە بکرێ، نا وانییە. هێزی گەورەی ئەو جووڵانەوەیە کۆمەڵانی خەڵکە لە نێوخۆی وڵات و خەباتی پێشمەرگانەش جێگەوپێگەی خۆی هەیە و ئێمەش وەک حیزبی دێموکرات بەپێی توانامان لە هەموو ئەو بوارانەدا تێکۆشانمان بووە. بەڵام سیاسەتی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بایەخدان بە خەباتی سیاسی و جەماوەری و مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتە. ئەمن پێم‌وانییە وەختی سیاسەتی نەرم و جووڵانەوەی جەماوەری و مەدەنی بەسەرچووبێ و تاکەڕێگا هەر چالاکیی پێشمەرگانە بێت. بزووتنەوەی سیاسیی کورد بزووتنەوەیەکی مافویست و شوناسخواز و دێموکراتیکە و کاتی خۆیشی هەموو هەوڵێکمان دا لەڕێگەی وتووێژەوە چارەسەری ئەو پرسە بکەین، بەڵام بەداخەوە شەڕیان بەسەردا سەپاندین و ئێمەش ناچار بە بەرگری لە خۆمان بووین.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە ئاستە لە لێک‌تێگەیشتن گەیشتوون مەترسیی شەڕ و ناکۆکیی نێوخۆیی لەنێوانیاندا ڕوو نەداتەوە، گوتی: جووڵانەوەی ژینا دەری خست ئەگەر ئێمە حیزبەکانی کوردستانی ئێران و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران یەکگرتوو نەبین، لە هەر ئاڵوگۆڕ و سیناریۆیەک بۆ داهاتووی ئێران چ بە ئاشتی و وتووێژ بێ و چ بە شەڕ،  ئێمە دۆڕاوی گۆڕەپانەکە دەبین. با زۆر بەڕاشکاوی بڵێم بۆ؟ چونکی لەو حاڵەتەدا ئەوە دەسەڵاتە بڕیاری کۆتاییەکەی بە سەرتدا دەسەپێنێ و دەسەڵاتیش لە تارانە. ئێمەش ئەو فاکتۆرە بەهێزەی دەسەڵات نین لە تاران، جا بۆیە دەبێ ئەم واقعییەتە قەبووڵ کەین کە زەرفییەت و تواناکانی ئێمە وەک کورد لە ئێراندا سنووردارە و ئەگەر قەرار بێ ئەو زەرفییەت و توانا سنووردارەش بۆ کێشە و شەڕی نێوخۆیی و پاکانەحیساب تەرخان بکەین؛ ئەوە بەسەر دۆخێکی زۆر خراپمان دادەخا و هیوادارم قەت ئەو ڕۆژە نەبینین. بەتایبەت ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ژینا ئەو وانەیەی بۆ ئێمە تێدا بوو کە ئەگەر ئێمە وەک کورد بمانەوێ لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بە چەپ و ڕاست و موجاهیدن و لیبڕال و کۆماریخوازەکان بکەوینە دانوستان و مامەڵەوە؛ دەبێ لە نێوخۆماندا یەکڕیز و یەکگرتوو بین. ئێمە بینمان کە نایەکگرتوویی و بۆچوونی جیاوازی ئەو قۆناغەمان زیانی لە بزووتنەوەی کورد دا و ئەوە دەبێ بۆ ئێمە بووبێتە ئەزموون.

خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا و لەبارەی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەهەمبەر ئێران کە زیاتر پشت بە گەمارۆ دەبەستێ، ڕەخنەی لەو سیاسەتە گرت و گوتی: گەمارۆکان هەتا ئێستاش زیاتر کاریگەریی لەسەر خەڵک بووە، چونکی کۆماری ئیسلامی هەم توانیویەتی لە دنیای چەند جەمسەریی ئێستادا گەمارۆکان دەور لێ‌بداتەوە، هەم بەپێچەوانەی مەبەستی گەمارۆکان بەرنامەی ئەتومی و پڕۆژەکانی دڕۆن‌سازی و مووشەکیی خۆی پەرە پێ‌بدات تا ئەو ئاستە لەگەڵ تێکنۆلۆژیی نیزامیی ئەمریکا و ڕووسیە ڕکەبەری بکات. لەم ڕووەوە گەمارۆکان ناتوانن ڕێژیم بڕووخێنن و ئێران پێویستە لەباری سیاسی و دیپلۆماسییەوە بخرێتە ژێر گوشاری زیاتر، پەراوێز بخرێ و دەرفەتی هەناسەدانی نەمێنێ. بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا بارگرانییەکی زۆر لەسەر ڕێژیم دروست نەبووە.