کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی خزمەتگوزاریی سنووری کانادا باسی لە ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی دەیان بەرپرسی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کرد

10:34 - 13 سەرماوەز 2723

بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ''سی بی سی''ی کانادا، بەشی خزمەتگوزاریی سنووریی ئەم وڵاتە، چوونەژوورەوەی دەیان کەس لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران بۆ ئەم وڵاتەی قەدەغە کردووە.

بەشی خزمەتگوزاریی سنووریی کانادا، بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئەگەری پێوەندیی ١٠٠ کەس کە بەڵگەی نیشتەجێبوونی کانادایان هەیە، خەریکی لێکۆڵینەوەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەشی خزمەتگوزاریی سنووریی کانادا، هەروەها دۆسییەی ٩ کەسی ڕەوانەی لێژنەی کۆچبەران و پەنابەران کردووە تاکوو ڕێوشوێنی وەرگیرانیان لە کانادا دیاری بکات.

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١دا، مارکۆ مێندێچینۆ، وەزیری ئەمنییەتی گشتیی کانادا، بە ئاماژەدان بە یاسای کۆچبەران و پاراستنی پەنابەران، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک ڕێژیمێکی تێرۆریست و پێشێلکاری سیستماتیک و بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ، ناساند.

ئەم پێناسەیە وای کرد کە دەیان هەزار بەرپرسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەوانە زۆرێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە کانادا وەرنەگیرێن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا دەوڵەتی کانادا بەهۆی پێشێلکاریی گەورە و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی، سزای بەسەر ٣١ دامەزراوە و ١٢٩ کەسی ئێرانیدا سەپاند.