کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەرەوڕووی کێوێک لە کێشەی نێوخۆیی چارەسەر نەکراو بۆتەوە

15:38 - 30 سەرماوەز 2723

ناوەندی ستیمسۆن- نووسەر نهێنی

و: لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

یادداشتی سەرنووسەر: لە کاتێکدا کە ناوەندی ستیمسۆن زۆر بە دەگمەن بابەتی نهێنی بڵاو دەکاتەوە، نووسەری ئەو وتارە لێکۆڵەرەوەیەکە لە تاران دەژی و، لەبەر نیگەرانیی ڕەوا لەمەڕ ئەمنییەتی خۆی، ئەو داوای کردوە ناوی ئاشکرا نەکرێ. نووسەر بۆ کارمەندانی پێوەندیداری ئەو ناوەندە ناسراوە، ڕابردووی لێکدانەوەی جێگای متمانەی هەیە و لە پلەیەک دایە کە بتوانێ ڕوانگەی وەها پێشکەش بکات کە لە شوێنی دیکە دەست ناکەوێ.

لە کاتێکدا ئێران بەکرێگیراوەکانی دژی ئیسڕائیل دەورووژێنێ، لە نێوخۆ بەرەوڕووی کێشەی پەرە ئەستێنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

پاشگەزبوونەوەیەکی ئەو دواییانەی دەوڵەت لە زیادکردنی باجی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی و وردە فرۆشان، تەنیا تازەترین شکستی شەرمەزارکەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسییە. تەنانەت لە کاتی دنەدانی "بەرەی مقاومەت" لە دەرەوەی وڵات، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی پیسبوونی کوشندەی هەوا، چوونەسەری ڕێژەی هەڵاوسانی نرخەکان، کەم‌بوونەوەی سامانی سندووقەکانی خانەنشینی و نامۆبوونی هەرچی زیاتری خەڵک لە سیستەمی دەسەڵاتدار، خەبات بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوخۆی وڵات دەکات.

لێکۆڵەر عەبباس عەبدی لە وتارێکدا لە ٢٨ی نۆڤەمبەر، نووسی ئەو قەیرانانە "هەموویان ئاکامی سیستەمێکن کە بڕیاری هەڵە دەدات، کە لەو چەند مانگەی دواییدا خراپتریش بووە و ئاکامەکەی زۆر جار قووڵتر بوونەوەی قەیرانەکانە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە بە قووڵتربوونەوەیان، چارەسەر کردنیان تێچووی زۆرتری پێویستە کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە هۆی بنکۆڵ‌کردنی ویستی سیاسی بۆ چارەسەر کردنیان."

کێشەکانی کەشوهەوا

هەر کەسێک زستانان سەردانی تارانی کردبێ دەزانێ پیسیی هەوا بۆتە دیاردەیەکی هەمیشەیی پایتەخت و شارە مەزنەکانی دیکە. تا ئێستا، ئەو ساڵ ژمارەی ئەو ڕۆژانەی هەوای تاران خاوێن بووبێ زۆر کەم بووە. بەهۆی گەمارۆکان، هیچ وەبەرهێنانێکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی گازی خاوێن نەکراوە. لە ئاکامدا، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە قەراخ تاران و شارە مەزنەکانی دیکە لە جیات سووتاندنی گازی سروشتی، دەستیان بە سووتاندنی مازووت، نەوتێکی ڕەش و قورس، بە چۆنایەتییەکی گەلێک نزم و فرە پیسکەر کردوە. بێجگە لەوە کە بۆتە هۆی تێچووی ساڵانەی ٧ میلیارد دۆڵار بۆ ئابووریی  ئێران، پیسکردنەکە دەبێتە هۆی کوژرانی ساڵانەی ٢٠ هەزار کەس. تەنیا ڕێگاچارەیەک کە دەوڵەت پێشکەشی کردوە،  داخستنی قوتابخانەکان بووە کە لە ٣ و ٤ی دێسەمبەر لە پارێزگای تاران جێبەجێ کرا.

کارەساتێکی دیکە کە ئاکامی سیاسەتی شکست‌خواردووی چەندین ساڵەیە، وشکبوونی گۆلی ورمێیە کە ئاوەکەی ٪٨٠ کەمی کردوە. لە ئێستادا، تەنیا ٪٤ی ئاوی گۆلەکە ماوە. گۆلی ورمێ، مەزنترین گۆلی ئێران و شەشەمین گۆلی سوێری گەورەی دنیایە. مەرگی نزیکی ئەو گۆلە ناکرێ تەنیا بۆ گەرمبوونی جیهانی بگەڕێتەوە، چونکە گۆلەکانی عێراق، تورکیە و ئەرمەنستان کە هەمان ڕێژە بارانیان لێ دەبارێ لە دۆخێکی گەلێک باشتردان.

ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هەڵاوسان

قەیرانێکی جیددی دیکە، قەیرانی دارایی سندووقەکانی خانەنشینیی ئێرانە. لە ١٧ سندووقی خانەنشینیی چالاک لە ئێران، پازدەیان بەکردەوە مایەپووچن و تەنیا دووانیان دەمێننەوە، لە نێویاندا ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتییش لەرزۆکە. ئەو سندووقانە ڕێژەیەکی پەرەئەستێنی بودجەی دەوڵەتیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، کە دەگاتە ٪١٥ لە داهاتی ساڵانەی ئێران. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، حکوومەتەکان بەشی خۆیان بە شێوەی دانی پشکی گرانی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان دابین کردوە. ئابووریناسی بەنێوبانگ و ئاکادێمیسیەن، ناسر زاکری، لە وتارێکدا لە ٢٦ی نۆڤەمبەر نووسی کە لێنەهاتوویی دەوڵەت بۆتە هۆی زیانی بەرچاوی ئەو سندووقانە. بێ‌ئەوەی کەسێک بەرپرسیارییەکە وەئەستۆ بگرێ. ئەوە لە کاتێکدا دەقەومێ کە کۆمەڵگەی ئێران بە تەمەنتر دەبێ و رێژەی مووچەخۆران و هێزی کار هێندە زیادی نەکردوە کە بتوانێ قەرەبووی ڕێژەی پەرەئەستێنی خانەنشینان بکاتەوە. لە جیاتی باشترکردنی بەڕێوەبەریی سندووقەکان، دەوڵەتی ڕەئیسی بەتەمایە تەمەنی خانەنشینکران لە ٥٥ بۆ ژنان و ٦٠ بۆ پیاوان، بکاتە ٦٠ بۆ ژنان و ٦٥ بۆ پیاوان.

بڕیار بوو ڕەئیسی لە ٢١ی مانگی نۆڤەمبەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانە پێشکەش بکات، بەڵام پارلەمان هێشتا پێداچوونەوە بە حەوتەمین پلانی گەشەپێدانی ٥ ساڵەی تەواو نەکردوە. وەزیری ئابووریی ڕەئیسی، ئیحسان خاندوزی، هێندێک لە بەشەکانی بودجەی بۆ هەواڵدەرییەکان ئاشکرا نەکرد. بەگوێرەی ئەو ناوەندە هەواڵدەرییانە، ڕێژەی باج ٪٤٩،٨ زیاد دەکات، لە کاتێکدا کە فرۆشتنی نەوت ٪٢٢ی کۆی بودجە پێک دێنێ کە لە ساڵی ڕابردوودا ٪٢٨ بوو. مووچەکان قەرارە ٪١٨ زیاد بکرێن کە گەلێک لە ڕێژەی ٪٤٠ی هەڵاوسان کەمترە.

دەوڵەت لە کەم کردنەوەی تێچووەکانی لە ساڵی هەڵبژاردندا بێزارە کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەردەوامیی چوونەسەری ئاستی هەڵاوسان.

ئاسۆی هەڵبژاردن    

لە یەکی مارس، ئێرانییەکان داوایان لێ دەکرێ لە هەڵبژاردنی پارلەمانی نوێ و هەروەها ئەنجومەنی پسپۆڕان، دامەزراوەیەکی ٨٨ کەسی کە وێدەچێ بڕیاردەری دەستنیشان کردنی ڕێبەری گەورەی داهاتوو، پاش مردنی ڕێبەری هەنووکەیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بێ، بەشدار بن.

٤٥ ساڵە، کۆماری ئیسلامی ڕەوایی خۆی بە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بەستۆتەوە. بەڵام، ئەوساڵ بڕیاردەرە پلەبەرزەکانی ڕێژیم وێدەچی بڕیاریان دابێ تەنیا بەشداریی ڕێژەیەکی کەم گەرەنتی ئاکامە دڵخوازەکەیان دەکات و وێدەچێ هاڵوەژاردنێکی بێ‌بەزەییانەی بەربژێرەکان لە لایەن شووڕای نیگابان، کە زۆرینەیان تووندئاژۆن، بەڕێوە بچێ. ئەوەی میانڕەوەکان پێی دەڵێن "پرۆسەی پاکتاوکردن" لە ٢٠٢١ دەستی پێ کرد، کاتێک ڕەئیسی بەبێ ڕکابەرێکی جیددی هەڵبژێردرا. چالاکی سیاسی محەممەد سادق جەوادی-حەسار پێشبینی کردوە کە ڕێژەی دەنگدەرانی مانگی مارس "کەمترین" دەبێ و ئەوە "ئاسەواری دەبێ و پلە بەرزترین بڕیاردەران تێچووکەی دەدەن."

ژمارەیەک کەسایەتیی میانڕەو و ڕێفۆرمخواز و تەنانەی بەشێک لە توندئاژۆیەکانیش هەر ئەو بۆچوونەیان هەیە. سەرۆک‌کۆماری پێشوو، حەسەن ڕوحانی، کە ناونووسییەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پسپۆڕان بوو بە هۆی تووڕەیی ڕکابەرەکانی، گوتی ئەو "دەبێ خۆی ناونووس بکات تا نیشان بدا وڵات تەنیا هی تاقمێکی هەڵبژردراو نییە." ئەو ڕەوایی ڕێبەری نوێێ هێنایە ژێر پرسیار کە "لە لایەن ئەنجومەنێکەوە دەبێ کە بە بەشداریی ٪١٠ی دەنگدەران هەڵدەبژێردرێ."

ڕاپرسییە سەرەتاییەکان دەڵێن ڕێژەی بەشداران لە هەڵبژاردندا بە شێوەی پێوانەیی کەم دەبێ. ڕاپرسییەک کە لەلایەن ئاژانسی ڕاپرسی خوێندکارانی ئێران بەڕێوە چووە، ئاشکرای کرد کە ٪٢٧،٩ لە وەڵامدەران گوتوویانە "بێگومان بەشدار دەبن"، لە کاتێکدا ٪٣٦  گوتوویانە "بێگومان دەنگ نادەن". عەباس عەبدی پێشبینی کرد ڕێژەی بەشداریی لاوانی خوێندەواری شارەکان کەمتر لە ٪٧ و بەشداریی گشتی لە تاران و شارە مەزنەکانی دیکە کەمتر لە ٪١٥ دەبێ.

ڕۆژنامەوانی دیاری ڕێفۆرمخواز، محەممەد قوچانی گوتی هەڵبژاردنێک بەو ڕێژە کەمەی دەنگدەران و ئاکامی لەپێشدا دیاریکراو "دەبێتە هۆی بنکۆڵ‌کردنی تەنیا جیاوازیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی پەهلەوی. دامەزراوەی هەڵبژاردن کاریگەریی و پێوەندیداریی خۆی لەکیس داوە و شێوەکانی دیکەی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانە وەکوو خۆپیشاندان بێ‌کەڵک بوون. ئێمە دەبێ بیر لە شتێکی نوێ بکەینەوە."

ڕۆژنامەوانی کۆنەپەرست، محەممەد مۆهاجری، پێشبینی کردوە کە پرۆسەی ڕەت‌کردنەوە "وەها بەرچاوە کە بەو زووانە تەنانەت خودی ڕەئیسیش دەگرێتەوە. ئەو مەزنترین قوربانیی پرۆسەی ڕەت کردنەوە دەبێ. کاتێک وەرزی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ٢٠٢٥ دەست پێ دەکات، هەر ئەو توندڕەوانە بەردەوام دەبن و ڕەئیسی بەجێ دێڵن."

گرژیی کۆمەڵایەتی  

ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە گرژییە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی هەوڵەکانی سەپاندنی حیجاب خەریکی پەرە ئەستاندنن. "گەشتی ئیرشاد" کە دوای کوژرانی مەهسا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران لە لایەن پۆلیسەوە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ هەڵگیرابوونەوە، دیسان بە شێوەیەکی نوێ وەکار کەوتوونەوە. تاقمی پاسەوانانی حیجاب لە شوێنە قەرەباڵغەکان لە سەرانسەری تاران جێگیر کراون و ڕێژیم بە "کاردانەوەی خۆڕسک دژی شلیی حیجان لە شار" ناویان دێنێ. دوای ئەوە کە ڕۆژنامەی ڕێفۆرمخوازی ئیعتیماد بەڵگەیەکی ئاشکرا کرد کە فەرمانی وەزیری نێوخۆ، ئەحمەد وەحیدی، لەو بارەوە بوو، داواکاری گشتی دۆسیەیەکی یاسایی دژی ڕۆژنامەکە بە هۆی ئاشکرا کردنی بەڵگەنامەی نهێنی کردەوە. بەڵام، وەزارەتی نێوخۆ حاشای لە نێوەرۆکی ئەو بەڵگەنامەیە نەکردوە.

لیستەی دوورودرێژی ئەو قەیرانانەی کە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوویان بۆتەوە هەروەها لە ڕێژەی پێوانەیی ئیعدامەکاندا، کە ڕێژیم هەوڵ دەدا سوود لە جەختی نێونەتەوەیی لەسەر شەڕی غەززە وەرگرێ، ڕەنگ دەداتەوە. گەندەڵیی بە شیوەیەکی بەرچاو بەردەوامە و هەروەها پەرەئەستاندنی بەرچاوی دیاردەی کۆچ کردنی خەڵکی خوێندەوار و پسپۆڕ بۆ هەندەران. هەموو ئەو قەیرانانە ئاماژە بە شکستی سیستەمی خاوەن دەسەڵات بۆ چارەسەر کردنی کێشە بەپەلەکان دەکەن. وەکوو کۆمەڵناس، فازلی ئاماژەی پێ کردوە، "ئێران لەسەر تیغی گوێزانە" بەبێ ئەوەی دەراوێکی ڕوونی لێ دیار بێ.