کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر ڕەزازی: ئەگەر وریا نەبین وەک لە تورکیە مێلۆدی کوردییەکانمان کراونە تورکی، لە ئێرانیش وامان بەسەر دێت

15:45 - 30 سەرماوەز 2723

(وەختێک ڕێژیمێک یان حکوومەتێک ئامادە نەبێ دان بە بوونی میللەتێکدا بنێ، ئامادە نەبێ لە گەڵیدا دابنیشێ و لەسەر مافەکانی قسەی لەگەڵ بکا، چۆن ئیزن دەدا مۆسیقا و فەرهەنگی ئەو میللەتە گەشە بکا و بەرەوپێش بڕوات؟)

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

 

ئاماژە: سنە و مۆسیقا دووانەی لێکدانەبڕاون و ئەوە کە سنە وەک شاری داهێنانی مۆسیقا لە ڕێکخراوی یۆنێسکۆوە تۆمار کراوە، نیشانەی زیندوویەتی و گەشەی مۆسیقیی کوردی لەو دەڤەرەیە. ئەم دەسکەوتە لەجێدا ئەو پرسیارانەش دەورووژێنێ کە ئەو ناسناوە چۆن بەدی هاتوە؟ ڕەوتی ڕوو لەگەشەی مۆسیقا لەو ناوچەیە بە چەند قۆناغدا تێپەڕیوە و لەنێو سەبک و دابەشبوونی بەسەر لکە جۆراوجۆرەکاندا کامیان ڕمێنیان زیاترە؟ مامۆستا ناسر ڕەزازی، گەورە هونەرمەندی بواری مۆسیقای کوردی میوانی "کوردستان"ە و ئەم بابەتە لەگەڵ بەڕێزیان دێنینە بەرباس.

 

کاک ناسر پێم خۆشە سەرەتا باسەکەمان بەم پرسیارە دەست پێ بکەین. وەک دەزانین سنە بە پێتەختی دەف لە دنیا ناسراوە و، لەلایەن یۆنێسکۆشەوە بە شاری داهێنانی مۆسیقی و لە ئێرانیشدا بە پێتەختی مۆسیقی ناسراوە. ئەمە یانێ شاری سنە و مێژوویەک لە مۆسیقی. ئێوە چۆن باس لەو مێژووە دەکەن؟

ئەگەر باسێکی مێژوویی لە دیڕۆک یان مێژووی مۆسیقای کوردی لە شاری سنە بکەین، مێژوویەکی وەهای نییە و زیاتر ئەرمەنی، بەهایی، مەسیحی و جوولەکە ئاڵاهەڵگری مۆسیقای کوردی لەو ناوچەیە بوون. سنە شارێکی زۆر کۆن نییە، ئەم سنەیەی ئێستا تەمەنی ٥٠٠ ساڵە، بەڵام قەڵاچوالان ١٣٠٠ ساڵ زیاترە و پێش ئەم شاری سنەیە قەڵاچوالان جێگەی دانیشتنی خەڵک بووە. دەفیش بەڕاستی چەند ساڵێکە هاتۆتە نێو مۆسیقای کوردی و لەلایەن کامکارەکانیشەوە چووەتە نێو مۆسیقای ئێران. ناتوانین بڵێن فارسی، ئەبێ بڵێن ئێرانی چونکە مۆسیقیی ئێران نەک‌هەر مۆڵکی تەنیا فارس نییە، بەڵکوو مۆڕکەکەشی مۆرکی تەنیا مۆسیقیی فارسی نییە. مۆسیقیی ئێران پێک‌هاتووە لە مۆسیقای چەند نەتەوەی بندەست.

ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە لە سنە شتێک بە ناوی گرووپی مۆسیقی نەبووە هەتا ئەوکاتەی ڕادیۆی سنە دامەزراوە. دواتر کۆمەڵێک ژەنیاری ئەرمەنی و یەک دوو موسوڵمان گرووپێکیان لە ڕادیۆی سنە داناوە خزمەتی مۆسیقای کوردییان کردوە. دەبێ ئەو واقعییەتە بڵێم کە زۆر عەیب بووە لە سنە ئەتۆ ئەو سەردەمانە سازێکت هەڵگرتبایە و بچووبایەی بۆ ڕادیۆ و پێتیان گوتبا ئەوە ژەنیارە. یانێ خەڵک ئەو ڕێزەی نەبوو بۆ هونەر کە ئێستە بۆی دادەنێ. بۆیە مێژوو مۆسیقا لە شاری سنە دەبی بکەین بە چەند بەش. چونکە سنەی ئەو سەردەمانە، سەردەمی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی دەبێ بکرێت بە سەردەمێک یان قۆناغێک لە گۆرانی و مۆسیقای شاری سنە کە بەڕای من دوای سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی ئەو شێوازە تەواو بوو و هیچکەس نەیتوانی جێگەی بگرێتەوە؛ وەک چۆن کەس نەیتوانی جێگەی مامۆستا حەسەن زیرەک و محەممەدی ماملێ بگرێتەوە. بەڵام چونکە ئێمە باسی سنە ئەکەین لە دوای سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکێكی تر هاتووە کە دیارە نەیتوانیوە کێبەرکێ لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەردا بکات و "ئا فەزێ"ی ناو بووە. دوای ئەو دەتوانین بڵێین شێوازی سەید عەلی ئەسغەر، شێوازێکی زمانی یەکگرتوو بووە و دوای ئەو دەگاتە مەزهەری خالقی و قۆناغی ئەویش بە شێوازێکی مۆسیقی لە شاری سنە دادەنرێت. بەڵام دەتوانم بڵێم تۆزێک پێش مەزهەری خالقی چەند گۆرانیبێژێکی دیکەمان هەبووە لە شاری سنە کە ئەمانەش کاتی خۆی توانیویانە خزمەتێک بە مۆسیقای کوردی بکەن، وەک "نەورۆزی"، "فەتانەی وەلیدی" و "حێکمەت نەوبەری" و... بەڵام بەداخەوە حێکمەتی نەوبەری هەر زوو بە گەنجی وازی هێنا و گۆرانی نەوتەوە.

دواتر دەگەینە قۆناغی هونەرمەندانی وەک "ناسری ڕەزازی"، "نەجمەی غۆڵامی"، "عەباسی کەمەندی" ، '' یەدۆڵڵا محەممەدی"، "مەرزییەی فەریقی"، "لەیلا فەرێقی"، "هانی مۆجتەهێدی" و ئەڵبەت کەسانێ تریش هەن کە باش لەبیرم نین. دیارە لەنێوان دەرکەوتنی مەزهەری خالقی و ئێمەدا چینێکی تر هەبوون وەک "ئیرەج عەندەلیبی"، "هووشەنگ شگرف"، "حۆجەتۆت سادات"، "شەهابی" و ئەمانەش کۆمەڵە هونەرمەندێکی تایبەت بەشاری سنە بوون کە هیچیان نەیانتوانی سنووری "کوردستان" ببڕن، سنووری کوردستان سێ گۆرانیبێژ بڕی: سەید عەلی‌ئەسغەر کوردستانی، مەزهەر خالەقی و فەتانە وەلیدی. بەڵام لە دوای فەتانەوە گۆرانیبێژانی وەکوو ناسری ڕەزازی و ئەوانەی کە ناوم هێنان توانیان سنوور ببڕن، بەڵام بۆچی؟ چوونکە سەردەمەکە جیاواز بوو.

ئەدی دوای قۆناغی ئێوە؟

لە دوای ئێمە چەند گرووپێکی کورد لە تاران دەرکەوتن کە کاریگەریی زۆریان لە سەر مۆسیقای کوردی هەبوو بۆ نموونە کامکارەکان، عەندەلیبییەکان، سڵێمان‌پوورەکان، فەرەج‌پوورەکان و، هەروەها عەزیز ئەتاعەتی هەر چەند بە ڕەگەز کورد نەبوو، بەڵام خزمەتێکی زۆری بە مۆسیقای کورد کرد. جیاواز لە مە لەنێو شاری سنەش ئێمە مۆسیقای زەماوەند و هەڵپەڕکێ‌مان هەبوو، دەهۆڵ و زۆڕنامان هەبوو کە ئەمانە لە خەتەنەسووران و لە زەماوەند و لە هاتنەوەی زاوا لە حەمام و بەربووک و ئەمانەدا دەوریان هەبوو. دیارە من تەنیا باسی شاری سنە دەکەم و ئەگەر بمانهەوێ مۆسیقای شاری سنە دابەش بکەین بەڕاستی زۆرە. لەیلاخ بەشێکی یەکجار گرینگە لە مۆسیقای شاری سنە، پاشان هەورامی لە لایەک، جافی لە لایەک، لەلایەکیش مۆسیقای تەکیە و خانەقاکان لە سنە و پاشان مۆسیقای تازیەباری و پرسە و سەرەخۆشیمان هەیە و ئەوەش بۆخۆی بەشێکە. با ئەوەشم لەبیر نەچێت لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکانی شۆڕشی ئەیلوول تیپی شۆڕش کە هاتن بۆ سنە لە تەلەڤیزیۆنی شاری سنە چەند گۆرانییان بڵاو کردەو کە ئەوەش کاریگەرییکەی لە سەر هونەری شاری سنە و دەورووبەری دانا و گۆڕانێکی تێدا وەدیهێنا. واتە مۆسیقای کوردی لە شاری سنە چڵ و لقی زۆرە، بەڵام دەبێ ئەو واقعییەتە باس بکەین کە بەداخەوە ئەو کاتانە سنە کوردایەتیی نەدەکرد، بەڵکوو سووننیگەرییان دەکرد. بەڕاستی ئەگەر سنەیی سوونیگەری نەکردبایە بەڕاستی نەدەما. وەک حەسەنی قزڵجی دەڵێ: ئەگەر ئەو شۆڕشەی ئێران نەکرابا کوردەکانی ئێران عەجەماوی دەبوون بە تایبەت سنە بۆ خوارەوە یانێ هەستی کوردایەتی ئەسڵەن نەبوو. سەیری ئەو جلوبەرگەش بکە کە بۆچی لە سنە كڵاوی پاڵەوی و کۆت و پانتۆڵی کوردییان لە بەرە و لە سابڵاغ شەدە و بۆین باخ و کۆت و شەڵوار ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەرای مەلا خەلیل و مەسەلەی ڕەزا شا کاتێک چوو بۆ تورکیە و هاتەوە و دەیهەویست لە ئێراناگۆڕانێک وەدی بێنێ. ئەوەی باسم کرد ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی مۆسیقی لە شاری سنە بوو.

جوغرافیای مۆسیقا لە پارێزگای سنە چۆنە؟ مەبەست دابەشبوونی بەسەر شێواز و سەبکەکانە و ئەوەکە کام سەبک و شێوازی هەژمۆنیی زیاترە؟

زمانی ئاخاوتنی سنە پێک‌هاتووە لە سێ زمانی کرمانجی، جافی، هەورامی، چونکە ئەمانە بن زاراوە نین وەک سنەیی، چونکە لەم سێیانەش پێك‌هاتووە پێی دەڵێن ئەردەڵانی. سنە چونکە لە دابەشکردنی پارێزگاکان و جۆگرافیای ئێراندا بەداخەوە زۆر زوڵم کراوە و بەشێک لە کوردستانییان خستۆتە سەر ئازەربایجان، سنە ئەبێ بەخاوەن چەند جۆر مۆسیقی. هەرچەند هەورامی لە کۆنەوە هەر زاڵ بووە، بەڵام لەم سەد ساڵەی دوایدا سۆرانی سەری هەڵدا لە بەر ئەوەیکە بە هەموو کەموکۆڕییەکانیەوە بوو بە زمانێکی ستانداردی کوردی لە دوای هەورامی. لە دوای ئەوەش بەشێکی تری تێدایە کە دەتوانم بڵێم ئەم بەر بۆ ئەو بەری سنە هەموو دانیشتووانەکەی وەک یەک نین و وەکوو یەکیش قسە ناکەن. هەورامی تێدایە، ئەردەڵانی تێدایە، سۆرانی تێدا هەیە، پاشان لە کۆنیشدا ئەرمەنی و جوولەکەشی تێدا هەبووە کە ئەوانە بەڕاستی بناغەدانەری مۆسیقای کوردین لە شاری سنە. جوغرافیاکەش بەداخەوە ئێمە ئێستا ناتوانین هەروا بە خۆمانەوە دابەشی بکەین چوونکە بە هۆی ئەم دروست‌بوونەی پارێزگای کوردستانەوە کە ئێران بەناحەق دروستی کردوە و لە خوارەوە کرماشانی لە کوردستاندا هەڵبڕیوە و لە سەرەوە لە سەقز بەو لاوە هەمووی لە کوردستان دابڕیوە و خستوویەتە سەر ئازەربایجانی غەربی، ئەمە ناحەقییە کە دەبێ لە داهاتوودا بۆی تێ‌بکۆشین کە ئەمە جیا بکرێتەوە و بەداخەوە جۆغرافیاکەشیان لێ تێک داوین.

تایبەتمەندییەکانی شاری سنە بە پێوەری جیهانی چ بوو کە وایان کرد لەلایەن یۆنیسکۆوە  وەک شاری داهێنانی موسیقا بناسرێ؟

ئەم پرسیارە تۆزێک قورسە چونکە کورد لە ئێراندا نەتەوەیەکی بندەستەیە. ئێران وڵاتێکی چەند نەتەوەییە کە هەتا ئێستاش ئامادە نین بیپەڕژێنن و دانی پیدا بنێن و هەموو ئەو نەتەوانەش خاوەنی مێژوو و تایبەتمەندیی مۆسیقیی خۆیانن. خومەینی دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ڕایگەیاند کە مۆسیقا حەرامە، بەڵام بە ڕای من بە قازانجی ئێمە تەواو بوو. چونکە لەنێو ئەو گێژاوەدا شتی باش کرا و دەنگخۆشی باش دەرکەوت. بۆ نموونە: کاتی خۆی کە لەنێو ئیسلامدا مۆسیقییان قەدەغە کردوە، لە تەکیە و خانەقاکاندا زمانی کوردی پارێزراو دەمێنێ. ئێمە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتەمان نییە ئازادانە و بە یارمەتی و پاڵپشتێکی باشەوە وەکوو فارسەکان بتوانین کارەکانمان ببەینە پێشێ. هەر چەند ئەوانیش کێشەیان هەیە، بەڵام ئێمە هەر وێران و داماو کراوین و، ئەگەر کارێک بکەین دەبێ بە حەوت‌خانی ڕۆستەمدا تێپەڕین، ئەشێ سەریان بۆ دانەوێنین، بەڵام ئەوە ناکەین. بەڕاستی لەو ماوەیەشدا کە ئەو هەمووە دەنگخۆشانە دەرکەوتن گرفتی زۆریان بۆ دروس کردوون، لەحاڵێکدا ئەگەر وریا نەبین وەکوو وڵاتی تورکییە کە مێلۆدی کوردییەکانمان دەکەنە تورکی، هەمیشە ئەو مەترسییە لەسەر مۆسیقیی کوردی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بووە. ئەوکات ئەشێ ئێمە چی بکەین، چۆن بیانهێنینەوە، وەک چۆن ئێستا دەف ئیتر لە مۆڵکی کورددا نەماوە، ئێستا دەف لە ئێرانا بە ئامێرێکی فارسی دادەنرێ، لە کاتێکدا ئی کوردە. ئەمن پێم وابێ بندەستیی کورد، نەخوێندنی کورد بە زمانەکەی خۆی و نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و زۆر شتی دیکە لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و....هتد ڕێگر بوون لەوەی وەک میللەتێکی ئازاد کارەکانمان بکەین. هەر لەبەر ئەوە مەیدانی باشمان بۆ نەڕەخساوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کاری باش کراوە. بەڵام لە وەڵامی ئەوەدا کە چۆن سنە دەبێتە پێتەختی دەف، هۆکارەکەی بۆ شارەزایی دە‌ف‌ژەنان لە مێژووی مۆسیقیی ئەو شارەدا دەگەڕێتەوە. دەف ئی خانەقاکانی سنە و شارەکانی تریشە، بەڵام لە سنە بایەخی زۆری پێ درا. بیژەنی کامکار وەک یەکەمین کەس لەنێو گرووپەکەی خۆیاندا فێری ئەم سازە بوو، و بەشێوەی زانستی و ئاکادێمیک ئەمەی بردە نێو مۆسیقای ئێرانی. ئەمە بوو بە هۆکاری ئەوەیکە سنە بکرێتە پێتەختی دەف و ئێستا ئیدی دەف گەیشتۆتە تورکیە و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش.

ئەم هەڵبژاردن و دیاریکردنە وەک شاری داهێنان، یان پێتەختی دەف و مۆسیقی لە چ ڕوویەوە دەرفەت و دەسکەوتی  بۆ گەشەپێدان بە هونەر و موسیقای ڕەسەنی کوردی ڕەخساندوە؟

من پێم وابێ ئەم هەڵبژاردنە شتێکی وای نەڕەخساندوە تەنیا ناوێکە و بە هەرحاڵ وەکوو شانازی بڕاوە بە سەر ئەم شارەدا، دەنا ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە شارەکانی دیکەی کوردستان دەف‌ژەنی تێدا نییە. هەر لە ئیلامەوە بگرە هەتا ئەگاتە ورمێ و بۆ سەرەوە ئێمە باشترین دەف‌ژەنمان هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەسەرەتادا لە سنە دەف‌ژەنی باش هەڵکەوت. بەڵام من پێم وانییە کۆماری ئیسلامی ڕێگە بدا لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەوە و لەوسۆنگەیەوە یارمەتییەک بگاتە هونەرمەندانی کورد بۆ پێشخستنی مۆسیقای کوردی. هەرچییەکێش بنێردرێ ناگات، هەر وەکوو یارمەتییەکان بۆ بۆمەلەرزەلێدراوەکانی کوردستان کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە دەهات و نەدەگەیشتە دەست خەڵکەکە و خۆیان دەیانخوارد. ئێمە دەبێ خۆمان تێ‌بکۆشین و کارێک بکەین برینی خۆمان ساڕێژ بکەین دەنا هیچ‌ کەسی تر ناتوانێ ئەو کارە بکا. ئەگەر کورد بڕوای بەخۆ بێت و ئەگەر حیزبەکان سەرەڕای جیاوازییەکانیان یەکگرتووبن دەبێ کارێک بکەین کە خۆمان بین، خۆمان برینی خۆمان ساڕێژ و چارەسەر بکەین. بۆ نموونە من لە گەڵ هێندێک هونەرمەند قسەم کردوە ئەڵێن کاکە چی بکەین؟ مەجبوورین بڕۆین لە زەماوەندەکان و بۆنەکاندا گۆرانی بڵێن، دەنا ئەگەر بمانهەوێ کارێک بکەین بەر لەوە داوای ئەوەمان لێ دەکەن بڕۆین لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانیاندا بەشدار بین. ئەوەیە وەختێک ڕێژیمێک یان حکوومەتێک ئامادە نەبێ دان بە بوونی میللەتێکدا بنێ، ئامادە نەبێ لە گەڵیدا دابنیشێ، چۆن ئیزن دەدا مۆسیقا و فەرهەنگی ئەو میللەتە گەشە بکا و بەرەوپێش بڕوات؟ بە کوردییەکەی ئێمە دوو براین، کاکە باوکمان مردووە یان دەبێ ئێحترامی یەک بگرین وەکوو یەک پێکەوە بژین یا دەبێ ماڵەکە بەش کەین و تۆ بە ڕێی خۆت و منیش بەڕێی خۆمدا. ئەگەر کورد لە ئێرانا ڕێز و حورمەتی بۆ دابنرێ و دەرجە دوو دەرجە سێ نەبێت و، وەکوو فارس و ئازەری و هەموو وەکوو یەک لە ژێر یەک ساباتدا بژین و زمانی فارسییش بە زەبری زۆر بەسەر خەڵکدا نەسەپێندرێ، ئەم نەتەوەگەلەوە وەکوو بنەماڵەیەک پێکەوە بژین، وڵاتێک بێ کە دێمۆکراسییەتی تێدا بێ و دوور بێ لە ئێعدام و بەدبەختی و چارەڕەشی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە؛ من بۆ ئاوا دەبم؟ بەڵام وەختێک ئەوان ڕێزم ناگرن، وەختێک منیان قەبووڵ نییە، کوا دەیانهەوێ و دەهێڵن هونەرەکەم، مۆسیقییەکەم، نووسینەکەم و فەرهەنگەکەم گەشە بکات؟ نەخێر هەتا ئێستا ڕێگەیان نەداوە و هەمیشە بەو شێوەیە لەگەڵ کورد هەڵسوکەوتیان کردوە.

سنە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو کاتێک لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیر کراوە. بەڕێزتان چۆن باس لە کاریگەریی ڕوانگەی ئەمنیەتیی ڕێژیم بۆ سنە لەسەر پێگەی مۆسیقی و هونەری کورد لەو شارە دەکەن؟

بەڵێ سنە دەمێکە لەژێر زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەدایە. یانی نەتەنیا سنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و سنەش بەتایبەتی لەم چەند ساڵەدا ئارامی و خۆشی بە خۆیەوە نەدیوە و ئەمە شتێکی تازە نییە. سنە لەم ڕێگەیەدا قوربانیی زۆری داوە هەر لە سەردەمی سەفەوی و قاجارەکان و پاڵەوی و هەتا ئێستا؛ هەرچەند سەفەوییەکان خۆشیان کورد بوون. بەڵێ نەتەنیا دەسەڵاتەکانی پێش ترو ئێستاش جگە لەوە حیسابی بۆ دەکەن بەڵکوو لێشی دەترسن لەبەر ئەوەیە کورد دەیەوێ وەک ئینسانێکی ئازاد لەو وڵاتەدا بژی و نایهەوێ بندەستە بێت. نایهەوێ وا چاوی لێ بکەن کە لە شارەکانی دیکەوە خەڵکی بۆ بێنن وەکوو شارەدار و پارێزگار و... . ئێمە باشترین ژن و پیاوی ئازا و تێگەیشتوو و خوێندەوارمان هەیە، بەڵام بەداخەوە جیاوازی خستنە نێو نێوان شێعە و سوونی و سیاسەتی ناکۆکی بنێوە و حکوومەت بکە بووە. گرینگتر لەوەش لە ئێستادا شۆڕشێکی گەورە بەرانبەر بە ئەم ڕێژیمە وەڕێ کەوتوە و کورد بۆ وەرگرتنی مافەکانی لە خەباتەکەی بەردەوامە. هەر چەند ئەمن پێم وایە ئەبێ ڕێگاکەمان بگۆڕێن، سەردەمی چەک نەماوە، بەزۆر چەکیان بە ئێمە هەڵگرتوە و ئێمە دەبێ کارێک بکەین لە ڕێگای دیالۆگ و هونەر، ئەدەب و نووسین و لەو ڕێگاگەلەوە بە مافەکانی خۆمان بگەین. پرسی ژن، ژیان، ئازادی کە دنیای داگرت سەرچاوەکەی کوردستانە. ئێستا هەموو دنیا باسی دەکا و کەلکی لێ وەردەگرن لە خۆپێشاندانەکاندا باسی دەکەن. گرینگ ئەوەیە دەبێ میللەتی کورد یەکگرتوو بێ و بزانێ چی ئەکات بۆ وەدسهێنانی ئەو مافانە. بەتایبەت حیزبەکان چوونکە میللەتی کورد یەکگرتووە و ئەوە حیزبەکانن کە دەبێ بیر لە یەکگرتوویی نێوانیان بکەن.

ئەگەر لە باسەکەمان دوور نەکەوینەوە، ئەو دەسکەوت و نازناوانەی سنە لە بواری مۆسیقادا وەدەستی هێناون، پتر بەرهەمی کام ڕەوتی هونەری و شوێندانەریی کامانە کەسایەتیی هونەریین؟ئایا دەتانەوێ لەو بارەیەوە ئاماژەیەکتان هەبێ؟

بەڕاستی ئەو دەسکەوت و نازناوانەی سنە لە بواری مۆسیقادا کە وەدەستی هێناون ناکرێ تەنیا لە سەر گرووپێک یان گۆرانیبێژێک تاپۆ بکرێت. لە سنە هەروەک گوتم زۆر هونەرمەندی گەورە هەبووە، سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی لە سەردەمی خۆیدا. دواتر مەزهەری خالەقی، نەورۆزی، ڕۆمی، حێکمەت نەوبەری، فەتانەی وەلیدی، شەهین تاڵەبانی و زۆری دیکە. بەڵام ئەو کارانە نەبووە بە دەسکەوتێک کە بڵێی ئەمە من خۆم بە ڕەغبەتی خۆم کارم لە سەر کردوە، هەمیشە کێشە و ژانەسەریان دروسی کردوە، بەڵام دەتوانین بڵێن ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرووپە کوردانەی لە تارانن و خزمەتی مۆسیقای فارسی دەکەن، بەڵام لە پاڵیشیدا کاری کوردی دەکەن. ئەوانە بێ کاریگەری نەبوون و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆنسێرتانەی لە نێو ئێران بەتایبەت لە باشووردا ئەکرێن. هەروەها ڕۆڵی تەلەڤیزیۆنەکانیش دەبێ لە بەرچاو بگرین.  

ناسر ڕەزازی چ وەک کەسایەتیی سیاسی و چ وەک مامۆستایەکی هونەری مۆسیقی لە کوردستان کە خۆی لەدایکبووی شاری سنەیە، چ پەیامێکی بۆ کۆمەڵگەی هونەریی کوردی بەتایبەت تازەلاوان و فێرخوازەکانی مۆسیقیی کوردییە لە ئێستادا؟

پەیامی ناسر ڕەزازی ئەوەیە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی کۆن خاوەن مێژوو و کارەسات و ئێش و ئازاری بەرکوژانی زۆری بە خۆیەوە دیوە، بەڵای زۆری بەسەردا هاتوە، بەڵام هەر ماوە و نامرێ و لە دیلی و بندەستیش ڕزگاری دەبێت. ئەمن هیوادارم خەڵکی بەشەرەفی سنە، خەڵکی شاری سنەی خوێناوی بەتایبەت گەنج و لاوەکانمان بیر لەوە بکەنەوە کوردستانی بندەستی ئێران یان عێراق یان باشووری کوردستان بە ساڵان لە ژێر زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست و خوێنڕێژدا ئازاریان چێشت، زیاتر لە چوار هەزار گوندیان وە بەر بۆمبی کیمایی درا و وێران کرا، خەڵکەکەی بەدەستی ئەو حکوومەتە دڕ و نائینسانەی سەدام ڕاو نران، ئەنفال کران و دەستدرێژی کرایە سەر ماڵ و نامووسیان، کچی گەنجیان فڕۆشرا بە وڵاتانی عەرەب و باشترین ڕۆڵەکانیان لە زینداندا بە پەتی سێدارە خنکێندران، خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر کران بەدەستی ئەنسار و ئیسلام و جۆندۆڵڵا و موجاهێدین بەر تۆپ درا و پارچە پارچە کرا، بستێکی کوردستان نەما خوێنی پێشمەرگەی تێدا نەڕژابێ؛ بەڵام بە خەبات و کۆڵنەدان و گۆڕانی ڕەوتێ ڕووداوەکانی جیهان و زۆر هۆکاری دیکە ئەوەتا خەریکن بەرەو ڕزگاری یەکجاریی دەڕۆن. با ئێمەش خەڵکی کورد لە کوردستانی بندەستی ئێران بەتایبەت شاری سنە وریا بین و نەهێڵین زمانەکەمان فەوتێ و نەهێڵین داگیرکەرانی کوردستان نێوان گەلی بندەست و چەوساوەی کوردا مەزهەب بکەنە داردەست بۆ دروسکردنی کێشە و ناکۆکی لەنێو کوردی شیعە، کوردی سووننی، کوردی ئەلحەق، کوردی ئیزەدی و کوردی عەلەوی و .... هتد. با ماوە نەدەین لەنێو سازمان و حیزب و ڕێکخراوەکانماندا دژایەتی و دووبەرەکی دروست بکەن با نەهێڵین زمانی شیرینی کوردی فەرامۆش بێت چوونکە کۆڵەکەی مانەوەی هەر گەل و نەتەوەیەک زمانەکەیەتی. با خۆمان باشتر بناسین و بێگانەپەرەست نەبین، چونکە ئاسۆ بۆ ئێمەی گەلی بندەست و مافخوراوی کورد ڕوونە و سەرشۆڕییش هەر بۆ خۆفرۆشان و دوژمنانی کورد دەمێنێتەوە.

کۆتا پەیامی ناسری ڕەزازی وەک گۆرانیبێژێکش ئەوەیە بەڕاستی هەر گەل و نەتەوەیەک خاوەن گۆرانی نەبێت ئەوە نە میللەتە، نە نەتەوە. بەداخەوە من ناوی ئەو پڕۆفیسۆرە گەورەی چینی‌م لەبیر نەماوە کە دەڵێ هەر میللەتێک گۆرانیی نەبوو میللەت نییە. دەزانی من شانازی بە چی دەکەم، بە ئەو مۆسیقارانەی ئەو گۆرانیبێژانەی لەنێو ئەو گێژەن و بەربەست و ناخۆشییەدا توانیویانە خزمەت بە زمانی کوردی بکەن، لە ڕێگای هونەرەوە زۆرمان هەن کە بەڕاستی دەروەستن. دیارە تاک‌وتەرایەکیشمان هەیە کە بە هەرحاڵ لە باوەش ڕێژیم‌دان و ئەوەی پێیان کراوە کردوویانە و مێژوو ئەوە لە داهاتوودا نیشان دەدا کە کاریگەرییەکەی چییە. ئەمن هیوادارم گەنجانی کورد و ئەوانەی خەریک کاری مۆسیقان هەر لە گەنجەوە تا پیرەکانیش ئەوە بزانن خزمەت بە مۆسیقا خزمەتە بە زمانی کوردی، خزمەتە بە فەرهەنگی کوردی  ولە ڕێگای هونەری مۆسیقاوە ئینسان دەتوانێت کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەیەک بگۆرێت چ بە باش، چ بە خراپ، هەر چەند لەم دواییانەدا جارێکیتریش دەیڵێم گۆرانیبێژی دەنگخۆش چ کچ، چ کوڕی باش هەڵکەوتوون. بەڵام هیوادارم ئەمانە ئاگایان لەوە بێت کە تەنیا دەنگخۆشی حیساب نییە، ئەبێ لە سەر سۆلفێژ کار بکەن، نۆت بزانن، دەزگاکان بناسن، ئاگایان لە ڕابردووی هونەری کوردی و گۆرانی کوردی بێت. ئەگەر ئاوەها بڕۆنە پێش ئەتوانن کاریگەری زۆر زۆر باشیان هەبێ بەسەر ڕەوتی کۆمەڵگەی کوردەواری و هەروەها ئەو بزووتنەوەیە کە ئەمڕۆ لە ئارادایە.

کاک ناسر سپاسی تایبەت بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا، دەستت خۆش بێت و ماندوو نەبی.

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.