کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نەخۆشە تایبەتییەکان بە هۆی گرانی و نەبوونی دەرمان لە ئێران نالەبارە

17:45 - 30 سەرماوەز 2723

گرانی و نەبوونی دەرمان بۆ نەخۆشە تایبەتییەکان و هەروەها گوێنەدانی کاربەدەستانی ڕێژیم بەم بابەتە، دۆخی نالەباری نەخۆشە تایبەتییەکانی بەرەو خراپتربوون بردووە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز گرتەڤیدیۆیەک لە دۆخی خراپی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ و نوێنەری منداڵانی گیرۆدە بە نەخۆشیی "SMA" بڵاو بوویەوە کە بە هۆی نەبوونی دەرمانەوە پاش ڕۆژێک ئازار کێشان نەشتەرگەری بۆ کرا و لە بەشی "ICU" خەوێندرا.

باوکی ئەم مێرمندالە لە وتووێژ لەگەڵ میدیایەکدا ڕایگەیاندووە کە نەبوونی دەرمان بۆ نەخۆشانی گیرۆدە بە "ُSMA" بووەتە هۆی گیانلەدەسدانی ژمارەیەک لەو نەخۆشانە و دۆخی خراپیان وەک کوڕەکەی من.

خاوەنی دەرمانخانەکان لە خەزەڵوەری ئەمساڵ بە هۆی قەیرانی دەرمان بۆ نەخۆشە تایبەتییەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕەن کە قەیرانی دەرمان بابەتێکی جیددی و جێگەی نیگەرانی نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕەزبەری ئەمساڵدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانی بۆ سەر نەخۆشە تایبەتییەکان بێ ئەوەی باس لە بەرنامەکانی دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشەکانیان بکات وتی: "عومر لە دەستی خودادایە.

لەلایەکی دیکەوە ڕامەک حەیدەری سەرۆکی ئەنجومەنی پشتیوانیی لە نەخۆشانی گیرۆدە بە دیسترۆفی ڕایگەیاند  زۆربەی بنەماڵەی ئەم نەخۆشانە بە هۆی نەبوونی دەرمان و ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشەکانیان کۆچ بۆ وڵاتانی دیکە دەکەن و ئەو وڵاتانە بە خۆڕایی دەرمانی پێویستیان پێ دەدات و خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکات.

حەیدەری لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە وەزارەتی دەرمانی ڕێژیم لە هەوڵێکی دوور لە بنەما ئەخلاقییەکان دەیهەوێت کە بە شێوەی ئەندازیاریی پێچەوانە دەرمانی پێویستی ئەم نەخۆشانە دروست بکات کە ئەمە وەک تاقیکردنەوە لە سەر ئاژەڵانە.

 

شایانی باسە کە گرانیی و نەبوونی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتییەکان لە کاتێکدایە کە  ڕێژیم پشکنینی جیاکردنەوەی کۆڕپەڵە نەخۆشەکانی لە ڕێگەی سونۆگرافییەوە ڕاگرتووە تاکوو خەڵک ناچار  بە منداڵداربوون بکات.